ئەحمەد تورک: کەس بەبێ کورد ناتوانێت هەنگاو بنێت

رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی 13ـەیەمین سەرۆککۆمار و 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا، ئەحمەد تورک سیاسەتڤانی کورد لە مێردینی باکووری کوردستان رایگەیاند: "هیچ ئیرادەیەکی سیاسیی و هیچ کەس بێ کورد، ناتوانێت هەنگاوێک بنێت". 
 
ئەحمەد تورک، لە شارۆچکەی ئارتوکڵو-ی مێردین لە رێوڕەسمی ناساندنی بەربژێرانی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) گوتارێکی پێشکێش کرد و دڵنیایی بە لایەنگرانی یەسەپە دا بەوەی رۆژی 14ـی ئایار "سەرکەوتنێکی گەورە" بەدەستدەهێنن و رۆژی دواتر دەیکەنە جەژن. نوێنەرانیان دەنێرنە پەرلەمان و لە هەموو جارێک زیاتر ئەمجارە فراکسیۆنێکی بەهێز پێکدەهێنن. 
 
ئەحمەد تورک، ئاماژەی بە پێگەی کورد لە هەڵبژاردن دا و گوتی "لەم وڵاتەدا، هیچ ئیرادەیەکی سیاسی و هیچ کەسێک بێ کورد ناتوانێت تەنانەت هەنگاوێک بنێت. هەر لایەنێکی سیاسی، ئیرادەی گەلی کورد پشتگوێ بخات، دەدۆڕێت. لە چەندین هەڵبژاردندا ئەمە سەلمێندراوە، کە بەبێ کورد مەحاڵە سەرکەوتن تۆمار بکرێت".
 
تورک، گوتیشی ئەمڕۆ زیاتر لە دوو هەزار سیاسەتڤانی کورد لە زینداندان. "لەپێناو ئازادکردنی سیاسەتڤان و سەرجەم هاونیشتمانەکانمان لە زیندان، پێویستە لەژێر چەتری یەسەپە و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیی کۆببنەوە و دەنگەکانیان یەک بخەن". 
 
پارتە کوردییەکان لەو هەڵبژاردنە دابەش بوون، هەدەپە کە لەژێر ناوی یەپەسە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات و بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار نییە و پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانی میللەت دەکات، هەرچی هوداپارە، کە پێگەیەکی لاوازی هەیە بەراورد بە هەدەپە، پشتگیری لە رەجە تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور دەکات.
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. 24 پارتی سیاسیی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکان.
 
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیان و 3 ملیۆن و 416 هەزار و 98 دەنگدەریش لە دەرەوەن.