لە رووها هاووڵاتییەکی عێراقی بە تۆمەتی کوشتنی چوار کەس دەستگیرکرا

30-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، هاووڵاتییەکی عێراقی کە پێشتر سێ کەسی کوشتبوو و دوێنێش بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی پۆلیس، دەستگیرکرا.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، (ع.ع.ح) هاووڵاتییەکی عێراقییە و ساڵانێکی زۆرە لە باکووری کوردستان و تورکیا نیشتەجێیە. پێشتر لە شارۆچکەی جزیری شرنەخ بە کوشتنی کەسێک و لە رووهاش بە کوشتنی دوو کەسی دیکە تۆمەتبارکراوە، بەو هۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
 
ئەو هاووڵاتییە عێراقییە شەوی شەممە 29ـی ئاداری 2025 لە ناوەندی شاری رووها کاتێک پۆلیس ویستوویەتی دەستگیری بکات، رووبەڕووبوویان بووەتەوە و لەگەڵ ئەفسەرێکی پۆلیس بە ناوی مەسعود ئاکار بەشەڕهاتووە، دواتر تەندروستیی ئاکار تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.
 
دوای گیانلەدەستدانی ئەفسەرەکە، هاووڵاتییە عێراقییەکە لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە. درەنگی شەو لە ماڵێک لە گەڕەکی باغڵارباشی لە ناوەندی شاری رووها دەستگیرکراوە و گوێزراوەتەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەکە. 
 
ئەو هاووڵاتییە عێراقییە، پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی سێ کەس فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، وڵاتینامەی تورکیای وەرگرتووە.
 
ئەو پۆلیسەی گیانی لەدەستداوە ناوی مەسعود ئاکارە و تەمەنی 33 ساڵە. خەڵکی پارێزگای مووشی باکووری کوردستانە. تەرمەکەی لە شارۆچكەی دێرخاس سەر بە پارێزگای مووش بەخاک دەسپێردرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە