سەرۆکی هوداپار بۆ رووداو: ئێمە دەنگی دەم پارتی و ئاکپارتی دەبەین

30-03-2024
محەممەد عزەدین
زەکەریا یاپجیئۆغڵوی، سەرۆکی هوداپار.
زەکەریا یاپجیئۆغڵوی، سەرۆکی هوداپار.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

زەکەریا یاپجیئۆغڵوی، سەرۆکی هوداپار بووە میوانی کاژێر 12:00ی رووداو و رایگەیاند، " ئێمە بۆیە پاڵپشتی ئاکپارتی دەکەین، چونکە جەهەپە هۆکاری نکۆڵیکردن و بە تورککردنی گەلی کوردە". 
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵوی سەرۆکی هوداپار، رۆژی شەممە، 30ی ئادار قسەی بۆ رووداو کرد، ئەو دەڵێت، "دەبێت پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکرێت، ئەگەرنا تورکیا ناتوانێت پێشبکەوێت. چەپەکانی ناو هەدەپە بەشێک بوون لەوانەی پێڤاژۆی ئاشتییان تێکدا، ئەگینا رەنگبوو پێڤاژۆی ئاشتی هەنگاوی زیاتری بنابا".
 
هەروەها سەبارەت بە دەنگی پارتەکەی لە ئیستەنبووڵ دەڵێت، " کاریگەری ئێمە وەکوو هوداپار، لە ئیستەنبووڵ 1٪ دەبێت. راستە بەربژێرمان بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ نییە، بەڵام بۆ 39 ناوچەی ئیستەنبووڵ بەربژێرمان هەیە." 
 
سەبارەت بە وەی ئایا هوداپار دەنگی دەم پارتی دەبات لەم هەڵبژاردنە، یان دەنگی ئاکپارتی؟ زەکەریا یاپجیئۆغڵو گوتی: "ئێمە لە هەردوو پارتەکەوە دەتوانین دەنگ بە دەست بێنین. لە یەکی نیساندا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەرخەری ئەوە دەبن، زۆربەی هێزەکان؛ هێزی خۆیان لە دەست دەدەن، ئێمە لەناو گەل دەگەڕێین، ئەوانە پێشتر دەنگی خۆیان دابووە دەم پارتی و هەدەپە، یان ئەوانەی دەنگی خۆیان دابووە ئاکپارتی و هەندێک پارتی دیکە، ناڕازیبوونی خۆیان بەیان دەکەن و دەنگی خۆیان دەدەنە هوداپار."
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵوی سەرۆکی هوداپار دەڵێت، "بیری جەهەپە توانای چارەسەرکردنی پرسی کوردی نییە و دەم پارتیش خۆی بە تاکە نوێنەری گەلی کورد دەبینێت، بۆیە رکابەری و دووژمنایەتیمان دەکەن. لەلایەکی دیکەش پارتییە نەژاد پەرستە تورکەکانیش، لەبەرئەوەی ئێمە کوردین دژایەتیمان دەکەن، پارت و لایەنە کەمالیستەکانیش لەبەرئەوەی ئێمە خاوەن ناسنامەیەکی ئیسلامین هێرشمان دەکەنە سەر".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: لەسەر داوای ئەردۆغان بەربژێرتان بۆ ئیستەنبووڵ دانەنا، پێتوایە ئەمە ببێتە هۆی سەرکەوتنی ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ؟
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو: ئێمە لە سەرەتاوە هیچ بەربژێرێکمان بۆ سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ دیارینەکرد، دەمەوێ ئەمە لەسەرەتادا بڵێم. بە بۆچوونی ئێمە کاریگەری ئێمە وەکوو هوداپار، لە ئیستەنبووڵ 1٪ دەبێت. راستە بەربژێرمان بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ نییە، بەڵام بۆ 39 ناوچەی ئیستەنبووڵ بەربژێرمان هەیە. هەمووشی لەسەر ناوی خۆمانەوە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن. بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵیش، پاڵپشتی موراد کوڕووم، بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدان دەکەین.
 
رووداو: بەرامبەر چی بەربژێرتان لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ و ئیزمیر و بووڕسا دیاری نەکرد؟
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو: بەرامبەر هیچ شتێک نەبوو. دیدارەکانی ئێمە، لەگەڵ ئاکپارتی بۆ ئەوەبوو تاوەکو بزانین ئاخۆ دەتوانین هاوپەیمانییەکی وەکوو هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی دروست بکەین یان نا، لە ئەنجامیشدا هیچ هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئاکپارتی دروست نەبوو. بەڵام دواتر، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار داوای لێکردین، گەر لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ بەربژێرتان بۆ سەرۆکی شارەوانی نەبێت و پشتگیری ئێمە بکەن. ئێمەش داواکارییەکەمان پەسندکرد. دوای ئەوەی لەنێو پارتەکەشمان گفتوگۆمان لەسەر ئەو داخوازییە کرد، بڕیارماندا بەربژێر بۆ بورسا و ئیزمیریش پێشکێش نەکەین. ئەو هەنگاوەمان بەرامبەر هیچ شتێک نەبوو.
 
رووداو: ئەی داوای ئێوە لە ئاکپارتی چی بوو؟ 
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو: ئێمە هیچ داوایەکمان نەکردووە، هاوپەیمانێتییەکەی ئێمە لەگەڵ ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنی رابردوو بوو، لەو چوار شارەی بەربژێریشمان دیاری نەکرد، یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ ئەوە دەگەڕاوە، ئێمە لەوێ ئەوەندە دەنگمان نەبوو تاوەکو سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو شارانە ببەینەوە. بە تایبەتی لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ، رکابەرییەکە لەنێوان جەهەپە و ئاکپارتی زۆر هەستیارە. بۆیە ئێمە ویستمان پاڵپشتیی ئاکپارتی بکەین، چونکە جەهەپە هۆکاری نکۆڵیکردن و بە تورککردنی گەلی کوردە. بە سەتان هەزار کورد بە هۆی ئایدۆلۆژیای جەهەپەوە کوژراون، چونکە هزرێکی نەژاد پەرستانەی نەتەوەگەرایە، جا بۆ ئەوەی ئەو هزرە سەرنەکەوێت لەو هەڵبژاردنەدا، ئێمە بڕیارماندا پاڵپشتیی ئاکپارتی بکەین.
 
رووداو: مادەم ئەمە سیاسەتی جەهەپەیە، ئەی ئاکپارتی چی پێیە بۆ کورد؟
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو: زیاتر لە 100 ساڵە، کورد کێشەی هەیە، هۆکاری بەردەوامبوونی ئەوە کێشەیەش زیهنییەتی جەهەپەیە، لە ساڵانی رابردووی دەسەڵاتدارێتیدا، ئاکپارتی چەند هەنگاوێکی نا، بە بۆچوونی ئێمەش گەلەکەمان کەمێک دۆخی باشتر بوو، سەرباری ئەوەی کێشەکە هێشتا بەردەوامە و پێویستی بە چارەی زیاترە، بەڵام گەر ئەو چارەییە دروستیش بێت، بە دەستی ئاکپارتی دەبێت و هزری جەهەپە توانای چارەکردنی پرسی کوردی نییە. بەو پێییەی جەهەپە خۆی هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشەیە. هەروەها پێموایە ئەو پێڤاژۆ ئاشتییەی 12 – 13 ساڵ پێش ئێستا بەڕێوەدەچوو، گەر لەلایەن قەندیل و پەکەکە و چەپەکانی ناو هەدەپە تێکنەدرابا، لەو باوەڕەم هەندێک هەنگاوی دیکەش دەنرا و دۆخی گەلی ئێمەی باشتر دەکرد لە مژاری پرسی کوردیدا، بەڵام بەداخەوە پێڤاژۆکە تێکچوو، گەر ویستی چارەسەریش هەبێ، دەبێت دەسەڵاتدار جەهەپە نەبێت.
 
رووداو: ماوەیەکە پرسی پێڤاژۆی ئاشتی هاتووەتەوە بەرباس، لەو باوەڕەن ئاکپارتی و حکومەت جارێکی دیکە لەگەڵ کورد دەست بە پێڤاژۆی ئاشتی بکەنەوە؟
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو: گەر پێڤاژۆیەکی وەک پێڤاژۆی رابردوو دەستپێبکاتەوە، باوەڕ ناکەم سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەوساش پێڤاژۆکە کەموکوڕی هەبوو. بەڵام گەر وانە لە کێشەکانی پێڤاژۆکە وەربگیرێت و جارێکی دیکە دووبارە نەکرێتەوە و ئەو شتەی وەک ماف هەژمار دەکرێت، حکومەت پەسەندی بکات و بۆ جێبەجێکردنی هەنگاو بنێت، بەڕاستی پێویست نییە تەنیا یەک دانوستاندنکار لەسەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ حکومەت دانیشێت. چونکە دانوستاندنکار بۆ ئەو پرسە زۆرە، بە تایبەتی گەر نییەت و ئیرادە هەبێت، گەر لەو بارەشەوە هەر شتێک بکەوێتە ئەستۆی ئێمە، درێخی ناکەین لە جێبەجێکردنی، چی پێویست بێت دەیکەین. ئێمە پێمانوایە دەبێت پرسی کورد چارە بکرێ لە تورکیا، ئەگەرنا تورکیا ناتوانێت پێشبکەوێت. ئینشائەڵڵا چارەسەکردنی کێشەکە بۆ گەلی کورد و تورک و دەوڵەتی تورکیا و وڵاتانی هەرێمی و ناوچەکەش دەبێتە نموونەیەکی باش.
 
رووداو: ئێوە لەگەڵ ئاکپارتی لەسەر چوار شاری گەورە لێکتێگەیشتنێکتان هەیە، دەم پارتیش لە مێرسین و چەند شوێنێکی دیکە لەگەڵ جەهەپە رێککەوتنی هەیە، بۆچی لە نێوان دەم پارتی و هوداپار لەسەر ئەو شارە کوردییانەی مەترسییان لەسەرە کورد لێی سەرنەکەوێت، هیچ رێککەوتنێکتان نەبووە؟
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو: وەک ئێوەش ئاگادارن، جگە لەو چەند شارە، ئێمە وەکو هوداپار لە 26 لەو شارانەی بە گەورە شارەوانی دادەنرێن لەگەڵ 51 شاری دیکە، بەربژێری خۆمان هەیە. لە کۆی 973 ناوچەش ئێمە لە 717 ناوچە بەربژێرمان هەیە. لە هەموو هەرێمەکانی تورکیا و ئەو شارانەی کوردی لێ دەژی، ئێمە بەربژێری خۆمان هەیە. نەک لەم هەڵبژاردنە بەڵکو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی 2014 و 2015 و هەڵبژاردنی ساڵی 2019 بەربژێری خۆمان هەبووە بۆ هەڵبژاردنەکان. بەڵام ئەمجارە و ساڵی 2018 هزری هەدەپە و پەکەکە بەرگەی هەبوونی ئێمە ناگرێ. وەک ئەوەی ئێوەش ئاگادارن، دەڵێن چۆن لە زۆربەی شارەکان بەربژێرتان هەیە و بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن؟ بەڵکو دەبێت واز لە بانگەشە بێنن و بەربژێرتان نەبێت. هەروەها دەبێت نەوێرن شەقاو باوێنە ئەو شارانە. بەڕاستی لەگەڵ ئەو جۆرە زیهنییەتە، چۆن دەتوانین دانیشین و رێکبکەوین و هاوپەیمانی درووست بکەین. 
 
رووداو: لەو شوێنانەی بەربژێرتان هەیە چاوەڕێ دەکەن لە کوێ دەنگی زۆر بێنن، بە تایبەتی لە باتمان دەتوانن سەرۆکی شارەوانی ببەنەوە؟
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو: پەنا بەخوا نەک تەنیا لە باتمان، بەڵکو لەو شوێنانەی بەربژێرمان هەیە ئێمە هەوڵ دەدەین سەرۆکی شارەوانییەکان بەدەست بخەین، بەڵام ناتوانم بڵێم لە کامە شوێن ئێمە چەند دەنگ دەهێنین؟ بەڵام ئێمە سەرۆکی شارەوانی دەبەینەوە. هەموو هەوڵ و چالاکیشمان بۆ بەدەستهێنانی سەرۆکی شارەوانی ئەو شارانە دەبێت کە بەربژێری خۆمان هەیە. بەڵام لە هەندێک شار دەنگمان زیاترە، بۆ نموونە لە باتمان و چەولیگ و سامسوور دەنگمان زۆرە.
 
رووداو: ئایا لە شارە کوردییەکان هوداپار لە دەنگی دەم پارتی دەبات یان ئاکپارتی؟
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو: ئێمە لە هەردوو پارتەکەوە دەتوانین دەنگ بە دەست بێنین. لە یەکی نیساندا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەرخەری ئەوە دەبن، زۆربەی هێزەکان هێزی خۆیان لە دەست دەدەن، ئێمە لەناو گەل دەگەڕێین، ئەوانە پێشتر دەنگی خۆیان دابووە دەم و هەدەپە، یان ئەوانەی دەنگی خۆیان دابووە ئاکپارتی و هەندێک پارتی دیکە، ناڕازی بوونی خۆیان بەیان دەکەن و دەنگی خۆیان دەدەنە هوداپار. وەک ئەوەی ئێوەش بەدواداچوونی بۆ دەکەن، لەو رۆژەوە سیاسەت دەکەین تاوەکو ئەمڕۆ، بانگەشەیەکی زۆر پیس بۆ لەکەدارکردنی هوداپار بەڕێوە دەچێت.
 
رووداو: ئەو بانگەشانە لەلایەن کێوە دەکرێن؟
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو: لە هەموو لایەکەوە ئەو بانگەشانە دەکرێن. جا دەم پارتی و جەهەپە و ئیی پارتی و پارتی زافەر و کەسانی نەژاد پەرست و کەمالیستەکان. ئەمانە هەموویان هێرش دەکەنە سەر هوداپار، بەڵام ئەمە بە پێچەوانەی بێشبینییەکانی ئەوان، کاریگەرییەکی ئەرێنیی دروست دەکات، چونکە دەنگدەر مەراقی ئەوە دەکات ئاخۆ هوداپار چییە؟ بۆ ئەمەش دێن و دەیانەوێت بمانناسن و بەرنامەی کاری ئێمە دەخوێننەوە. کاتێکیش دەمانناسن، رووی خۆیان لە هوداپار دەکەن، پەنا بەخوا لەم هەڵبژاردنە دەنگی خۆیان دەدەنە هودا پار. جا دەم پارتی خۆی بە تاکە نوێنەری گەلی کورد دەبینێت، بۆیە رکابەریی و دووژمنایەتیمان دەکەن، ئەمەش بە زمانێکی تووند دەکەن، نەک زمانێکی سیاسی. ئەوان زمانی رێکخستنی تیرۆریستی بەکاردەهێنن، پارتییە نەژاد پەرستە تورکەکانیش، لەبەرئەوەی ئێمە کوردین؛ دژایەتیمان دەکەن، پارت و لایەنە کەمالیستەکانیش لەبەرئەوەی ئێمە خاوەن ناسنامەیەکی ئیسلامین؛ هێرشمان دەکەنە سەر. بۆیە ئێمە لە هەموو روویەکەوە تووشی هێرش دەبین، هەم لەبەر ئەوەی کوردین، هەمیش لەبەر ئەوەی پارتێکی ئیسلامین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. وێنە: AA

هاکان فیدان: هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا لە لاوازیمانەوە نییە

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە لاوازی یان ناچاری نییە، بەڵکو دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت ئەو هەنگاوە بنێن. ئاماژە بەوەش دەکات، رووسیا و ئێرانیش رۆڵی ئەرێنی دەگێڕن