رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ژمارەیەک بڕیار و رێنمایی تایبەت بە هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە. یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە کاژێر 18:00ـی ئەمڕۆ شەممە 30ـی ئادار، هەموو بانگەشەیەکی هەڵبژاردن کۆتایی دێت.
وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە، لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرەکان مافی ئەوەیان هەیە بانگەشەی هەڵبژاردن لە گۆڕەپانەکان و راگەیاندنەکاندا تاوەکو کاژێر 18:00 بکەن، بەڵام لە یەکەم کاژێری بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بڵاوکردنەوەی رێکلامی سیاسی لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن قەدەخەیە.
وەک دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەڵێت، سەرجەم دامەزراوەکانی راگەیاندن لە کاژێر 18:00ـی ئەمڕۆوە تاوەکو ئەو کاتەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان بە راگەیێندراو رێگەیان پێدەدات، مافی ئەوەیان نییە هەواڵ، راپۆرت، شیکاری، راپرسی و هەر بابەتێکی دیکە بڵاوبکەنەوە کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە هەڵبژاردنەوە هەیە.
هەڵبژاردنەکە لە شارەکانی باکووری کوردستان و چەند شارێکی تورکیا کاژێر 7ی بەرەبەیان و لە شوێنەکانی دیکەش کاژێر 8ی بەرەبەیانی رۆژی 31-3-2024 دەست پێدەکات. ئەو شوێنانەی هەڵبژاردن تێیاندا کاژێر 7 دەستپێدەکات، کاژێر 4 پڕۆسەکە کۆتایی دێت و لەو شوێنانەش کاژێر 8 هەڵبژاردن دەستپێدەکات، پڕۆسەکە تاوەکو کاژێر 5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لە تورکیا و باکووری کوردستان 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری 2024دا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 50.59٪ی دەنگدەران مێن و 49.41٪یشیان نێر. 1 ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەسیش یەکەمجارە دەنگ دەدەن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ