رووداو دیجیتاڵ
یاری کۆتایی جامی سووپەری تورکیا لەنێوان یانەکانی فەنەرباهچە و گالاتاسەرای کە بڕیاربوو لە ریازی پایتەختی سعودیە بکرێت، دواخرا و تیمی هەردوو یانە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان. هۆکاری دواخستنەکە بۆ رێگریی سعودیە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی دروشم و وێنەی تایبەت بە دەوڵەتی تورکیا و مستەفا کەمال ئەتاتورک.
بڕیار بوو ئەمڕۆ کاژێر 8:45 خولەک بە کاتی هەولێر لە یاریگەی ئەوەل پارک لە ریازی پایتەختی سعودیە یاری کۆتایی جامی سووپەری تورکیا لەنێوان یانەکانی فەنەرباهچە و گالاتاسەرای بەرێوەبچێت.
هاندەرێکی فەنەرباهچە لە سعودیە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، بەهۆی قەدەخەکردنی چەند دروشمێکی تایبەت بە تورکیا و مستەفا کەمال ئەتاتورک لەلایەن بەرپرسانی سعودیە، بەرپرسان و یاریزانانی گالاتاسەرای و فەنەرباخچە رەتیانکردەوە یاری کۆتایی سوپەری تورکیا بکەن و یارییەکەش دواخرا.
رۆژی هەینی، 29ی کانوونی یەکەمی 2023، شنۆل ئورگوپ، هاندەری فەنەرباهچە لە ریازی پایتەختی سعودیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هەنگاوەی سعودیە ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی تورکیای بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.
هاندەرەکەی فەنەرباهچە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە هۆتێلەکەیان بوون و نیازی بەڕێکەوتن بۆ ئەو یاریگایەیان هەبوو کە بڕیار بوو یارییەکەی تێدا بکرێت، بەڵام بەرپرسانی یانەکەیان لە دواخستنی یارییەکە ئاگاداری کردنەوە. دوای ئاگادارکردنەوەشیان لە ئەنجامنەدانی یارییەکە بەشێک لە هاندەرانی هەردوو یانە گەڕانەوە بۆ تورکیا.
هاندەرەکەی فەنەرباهچە ئەوەشی بۆ رووداو ئاشکراکرد، "12 هەزار هاندەری هەر یەک لە یانەکانی فەنەرباهچە و گالاتاسەرای بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکانیان سەردانی ریازی پایتەختی سعودیەیان کردبوو."
گالاتاسەرای دوای بردنەوەی نازناوی وەرزی پێشووی خولی تورکی و فەنەرباخچەش دوای بردنەوەی جامی تورکیا گەیشتبوونە یاری کۆتایی جامی سوپەری تورکیا.
یانەی گالاتاسەرای ساڵی 1905 دامەزراوە و تاوەکو ئێستا توانیویەتی 23 نازناوی خولی تورکی و 17 نازناوی سوپەر بباتەوە، لە بەرامبەردا فەنەرباهچە کە ساڵی 1907 دامەزراوە توانیویەتی 19 جار ببێتە پاڵەوانی خولی تورکیا، حەوت جار پاڵەوانی جامی تورکیا و نۆ جاریش پاڵەوانی سوپەری تورکی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ