ئەردۆغان: لە باکووری عێراق سەتان کیلۆمەتر رێگەوبانمان بۆ بنکە سەربازییەکانمان دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا دان بەوەدا دەنێت، رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا لە هەڵکەوتەیەکی جوگرافیی زۆر سەخت و دژواردا دەکرێت و ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەلومەرجی زۆر سەخت ئەنجام دەدەن و دەشڵێت: "بۆ بنکە سەربازییە هەمیشەییەکانمان لە باکووری عێراق، سەتان کیلۆمەتر رێگەوبانمان دروستکردووە."
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە هۆڵی بۆنەکانی کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە، 53یەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ موختارەکان ئەنجامدا و گوتارێکی پێشکێشکرد. 
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر بابەتی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" و کوژرانی 12 سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە رۆژی 24ـی مانگ و گوتی: "دەمەوێ بابەتێک بخەمەڕوو؛ ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنمان لە باکووری عێراق، لە رووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە ناوچەیەکی سەخت و دژوارە. تیرۆریستان بە بەکارهێنانی ئەم ناوچە سەخت و دژوارانە، 40 ساڵ بە ویستی خۆیان هاتووچۆیان دەکردە ناو خاکی تورکیا و کردە تیرۆریستییەکانیان ئەنجامدا، خوێنیان رشت، کارەساتیان نایەوە. ئەو ناوچە ئارامانەی لە باکووری عێراق و سووریا دروستمانکردوون، ئەم دەرفەتەمان لەژێردەستی تیرۆریستان دەرهێنا". 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی سەختیی ئۆپەراسیۆنەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئەو جوگرافیا و هەلومەرجانەی سەربازەکانمان تێیدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، هێندە سەختە جێگیرکردنی بنکەی سەربازیی هەمیشەیی و دانانی سیستەمی پێشکەوتووی ئەمنیش هێندەی دیکەش سەختە، بەڵام سەرباری ئەم ئاڵنگارییانەش، نەوەستاوین. بەردەوام گوشاریان دەخەینەسەر و رێگاوبان لەم جوگرافیە سەختەدا بەشێوەیەکی بەردەوام دروست دەکەین. لە چەند ساڵی رابردوودا بۆ بنکە سەربازییە هەمیشەییەکانمان لە باکووری عێراق، سەتان کیلۆمەتر رێگاوبانمان دروستکردووە. تەنانەت لەو شوێنانەی تازە کۆنترۆڵمان کردوون، هەمان چالاکیی ئەنجام دەدەین." 
 
باسی لەوەشکرد کە ژێرخانی بەهێز بۆ بنکە سەربازییەکانیان دروست دەکەن و گوتی: "لە بەهاری ساڵی نوێدا، ژێرخانی بنکە سەربازییەکانمان تەواو دەکەین و چیدی رێگە بە تیرۆریستان نادەین شوێن پێیان لەم ناوچەیەدا بمێنێتەوە". 
 
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی توندی لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن گرت و رایگەیاند، ئەو کەسانەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هەلومەرجی ناوچەکەدا نییە و هیچ شتێک لەبارەی ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تەکنیک و هونەری جێبەجێکردنیان نازانن، بەناوی تیرۆریستان و پاشکۆکانیان قسە دەکەن و پێیانوایە رەخنەمان لێدەگرن. ئەمە لە کاتێکدایە تەنیا ئاو بۆ ئاشی تیرۆریستان دەگوازنەوە. 
 
راشیگەیاند، لە هیچ وڵاتێکی ئەم دنیایە، "هاوشێوەی ئەم سیاسەتڤانانە نادۆزیتەوە. لە هیچ وڵاتێک نەبووە و نابێت ئۆپۆزسیۆن، ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری وڵاتەکەی بێبەها بکات و هەوڵی شکستپێهێنانی بدات. جگە لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، ئۆپۆزیسیۆنی هیچ وڵاتێک ناچێتە بەرەی تیرۆر و بەهەموو توانایەکییەوە پاڵپشتییان ناکات. وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکانی جیهان پەسنی سیاسەت و ستراتیژییەتی پاراستنی سنوورەکانمان و ئاسایشی نیشتمانیمان دەکەن و پەندی لێوەردەگرن، بەڵام ئۆپۆزسیۆن تەنیا رەخنەی بێبنەما دەگرن و بێبەهای دەکەن بەبێ ئەوەی پلانێکی ئەلتەرناتیڤ پێشکێش بکەن."