prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی مانگی داهاتوو لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆتاییهات. کۆبوونەوەکە دوو کاژێر و نیوی خایاند و لە راگەیێندراوی کۆتاییدا هەڵسەنگاندن بۆ پرسەکانی رۆژەڤ و پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرا.
كۆبوونهوهكه رۆژی چوارشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2023، بهئامادهبوونی یاریدەدەری سهرۆككۆمار، وهزیرانی داد، ناوخۆ، بهرگری، سهرۆكی میت، سوپاسالار، فهرماندەی هێزهكانی ئاسمانی، دهریایی، وشکانی، سوپای یهك و دوو و سێ و سوپای ئیجە، هێزهكانی تایبهت و ئهندامانی دهستهی شوورای سهربازی، دوور له چاوی كامێراكان بەڕێوەچوو. دواتر راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، باس لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە دژی پەکەکە، جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن و داعش لە عێراق و سووریا کراوە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەروەها هەڵسەنگاندن لە دژی ھەر ھەڕەشە و مەترسییەکی سەر یەکێتیی نیشتمانیی، پێکەوەبوون و مانەوەی تورکیا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کراوە. هاوکات تاوتوێی گرتنەبەری رێکاری زیاتر لەمبارەیەوە کراوە".
باس لەوەشکراوە، بەپشت بەستن بە "ستراتیژییەتی لەناوبردنی سەرچاوەکانی هەڕەشە" ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە لە عێراق و سووریا دەکرێن.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لەبارەی عێراقەوە باس لەوە کراوە: "پەرەپێدانی زیاتری هاوئاهەنگییەکانمان لەهەموو بوارێکدا لەگەڵ عێراقی دراوسێمان، بۆ هەردوو وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەرچاو. بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەرەکانی کاریگەریی ئەو پێشهاتانەی پرسی فەلەستین کرا لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە".
بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، باس لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و تورکمانەکانی کەرکووک کراوە. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی کەرکووک و دۆخی برایانی تورکمان کراوە. پێداگری لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خۆجێیەکانی پارێزگاکە کردەوە و تورکیا لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات".
سەبارەت بە جەنگی غەززەش، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا رایگەیاندووە: "ئیسرائیل ناچارە زوو یان درەنگ رووبەڕووی ئەنجامەکانی ئەو تاوانە نامرۆڤانانەی ببێتەوە کە لە غەززە کردوونی وەک پەڵەیەکی رەش دەچێتە مێژووەوە. جەختکراوەتەوە لەوەی بەرپرسیارێتیی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، داگیرکاریەکانی سەر خاکی غەززە رابگیرێت".
ئهنجوومهنی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا، یهكێكه له دامهزراوه ههره گرنگ و ههستیارهكانی دهوڵهتی توركیا و بڕیاری چارهنووسساز و گرنگ بهتایبهتی له رووی سهربازیی و ئهمنی و بهرهنگاربوونهوهی تیرۆر و چهندین پرسی دیكهی گرنگ دهخرێنه بهرباس و لێكۆڵینهوه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ