رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا ئامانجی سەرەکی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئامانجیان وەرگرتنەوەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵە.
رۆژی چوارشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکێش کرد.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە بڕیارە رۆژی 31ی ئاداری 2024 بکرێت و رایگەیاند، "پێویستە هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆئەوەی سەرلەنوێ لە ئیستەنبووڵ سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنین. ئامانجمان بردنەوەی ئیستەنبووڵە."
رۆژی 23ی حوزەیرانی 2019 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بە چوار ملیۆن و 741 هەزار و 885 دەنگ بووە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ. ئیمامئۆغڵو بە 806 هەزار و 456 دەنگ لە بینالی یڵدرم-ی رکابەری بردەوە، بەمەش دوای ساڵانێکی زۆر، ئاکپارتی ئیستەنبووڵی دۆڕاند و بە زیانێکی زۆر گەورە و کاریگەر بۆی هەژمار کرا.
ئەردۆغان لەم هەڵمەتەیدا هەموو هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆئەوەی بەربژێرێکی زۆر بەهێز دەستنیشان بکات و دووبارە ئیستەنبووڵ لە جەهەپە و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو وەربگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە سەرجەم لایەنەکانی ناو هاوپەیمانیی جمهوور کردووە، کەس خۆی بۆ ئیستەنبووڵ بەربژێر نەکات و تەنیا کار بۆ سەرخستنی بەربژێری ئاکپارتی بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، هەریەک لە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا؛ موراد کوروم، وەزیری پێشووی ژینگە و شارسازیی تورکیا و مەتین کولونک، پەرلەمانتاری پێشووی بازنەی ئیستەنبووڵ، بەهێزترین ئەو کەسایەتییانەن بەربژێر دەبن بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ