لە ئێسکیشەهیر چوار کەس بە گومانی پەکەکە بوون خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 28-11-2022، ئۆپەراسیۆنێک لە پارێزگای ئێسکیشەهیر لە دژی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەستیپێکرد و هەشت کەس دەستگیرکران، دوای لێپرسینەوە چواریان خرانە زیندانەوە.
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئێسكیشههیرەوە بۆ سەر پەکەکە دەستپێکراوە، رێکاری ئەمنی لەگەڵ ئەو گومانلێکراوانەی کە لە ئۆپەراسیۆنێکی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەکەوە دەستپێکراوە، تەواو بووە.
ئەو هەشت کەسانە بە تۆمەتی ئەوە دەستگیرکراون کە گوایە رۆژی 25-10-2022 لە گەڕەکی گولتەپەی پارێزگای ئێسکیشەهیر بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت خۆپێشاندانیان کردووە و بانگەشەیان بۆ پەکەکە کردووە.
دوای لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی هەشت کەسەکە راپێچی دادگەی تاوانەکان کران و بە بڕیاری دادوەر چوار لەو هەشت گومانلێکراوە دەستبەسەرکران. چوار گومانلێکراوەکەی دیکەش بە مەرجی چاودێریی یاسایی ئازاد کران.
ئەمە لەکاتێکدایە، تائێستا میدیای نزیک لە پەکەکە پشتڕاستی ئەوەی نەکردووەتەوە کە ئەو هەشت کەسە ئەندامانی پەکەکەن و هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نییە. بەشێکی زۆر لەوانەی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستگیر دەکرێن تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکەیان دەدرێتە پاڵ.