یاریدەدەرێکی باخچەلی: سەرۆکمان لەبارەی پرسی کورد هەنگاوێکی بوێرانەی ناوە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە هەنگاوەکانی پارتەکەی بە بوێرانە ناودەبات و دەڵێت، هەنگاوی گەورە کاری سیاسەتڤانی گەورەیە.
لە پرۆگرامێکی تایبەت بە ساڵڕۆژی راگەیاندنی کۆماری تورکیا، کە ئەمڕۆ لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، سەمیح یاڵچن، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە پەسنی هەنگاوەکانی دەوڵەت باخچەلی لەبارەی پرسی کورد کرد.
یاریدەدەرەکەی سەرۆکی مەهەپە گوتیشی، "سیاسەت کاری ترسنۆکەکان نییە. ئێمە بوێرانە هەنگاو دەنێین."
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی گوتارەکەی یاڵچن هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر کارگەی دروستکردنی فڕۆکە، درۆن و کەرەستەی دیکەی سەربازی بوو. یاریدەدەرەکەی باخچەلی گوتی، هێرشەکە دەریخست کە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی زۆر لە جێگەی خۆیدا بوو.
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 22-10-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.