ئەردۆغان دەڵێ دوای هێرشەکەی ئەنقەرە زیاتر لە 470 ئامانجیان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان پێکاوە
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای هێرشەکەی ئەنقەرە زیاتر لە 470 ئامانجی پەکەکە و یەپەگەیان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان پێکاوە.
ئەردۆغان ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28 ـی تشرینی یەکەم، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی لە ئەنقەرە، لەبارەی هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 قسەی کرد.
هێرشەکە لە رێگەی دوو چەکدارەوە کرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە، کە بەهۆیەوە جگە لە دوو چەکدارەکە، پێنج کەسی دیکە کوژراون و 22 کەسیش بریندار بوون و دواتر باڵێكی سەربازیی پەکەکە هێرشەکەی لەئەستۆ گرت.
ئەردۆغان رایگەیاند دوای هێرشەکەی ئەنقەرە زیاتر لە 470 ئامانجی پەکەکە و یەپەگەیان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان پێکاوە و 213 گەریلای پەکەکە و شەرڤانی یەپەگەشیان کردووەتە ئامانج.
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کاتی هێرشەکەی ئەنقەرە و ئامانجی هەڵبژێردراوی رێکەوت نەبووە، رایگەیاند 'کردەوەکە هاوکاتە لەگەڵ قۆناخێک کە کەشوهەوایەکی جیاواز لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەکەدا دەستیپێکردووە.'
سەرۆککۆماری تورکیا پەکەکەی بە رێکخراوی جوداخواز ناوبرد و گوتی "بوونەتە ئامراز و بوکەڵە و بەڵێندەری لاوەکی." گوتیشی : "خۆراکیان خوێنە، پێدەچێت بە دوای خاوەنی نوێدا بگەڕێن."
ئەردۆغان دەڵێ، بڕوای وایە میللەتەکەیان بە روونی دەبینێت کە مەبەست لەم هێرشە چییە و 'خوازراوە لە رێگەیەوە سیگناڵ بۆ کوێ بنێردرێ' ئاماژەی بەوەشدا ئەم کردەوە نیشانەی 'ترس و دڵەڕاوکێ و ماندوویێتی و بێدەسەڵاتییە،' و ئەوان لە سووریا و عێراق لە رێگەی بەئامانجکردنی پێگەکانیان وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە.
ئەردۆغان رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە تورکیا لەم کێشەیە رزگاری دەبێت کە ماوەی 40 ساڵە تووشی بووە، هەروەها گوتی، ساڵانێکە "تیرۆر" وەک ئامرازێک بۆ ئاراستەکردنی سیاسەت لە تورکیا بەکاردەهێنرێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ''هەرکاتێک لە تورکیا بنەمای دیالۆگ لە سیاسەتدا بەهێزتر بوو، جەمسەرگیری لە کۆمەڵگەدا کەم بووەوە، دەستبەجێ تیرۆر دێتە گۆڕەپانەکەوە.''