ئەردۆغان: کۆتایی ساڵ کەمترین بڕەمووچە بۆ ساڵی 2023 دیاری دەکەین

29-09-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی چوارشەممە 28-09-2022 لە پرۆگرامێکی تایبەتی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی گۆڕانکاری لە کەمترین بڕەمووچەدا رایگەیاند، لە دوایین مانگی ئەمساڵدا کەمترین بڕەمووچە بۆ 2023 دیاری دەکەن.
 
رۆژی 01-07-2022 ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆکكۆمارى توركیا لە كۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا له‌ نووسینگه‌ى خۆى له‌ كۆشكى دۆڵمه‌باخچه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار، باسى له‌ زیادكردنى كه‌مترین مووچه‌ى وه‌رگیراو (مووچەی بنەڕەتی) له‌ توركیا كرد و گوتی، کەمترین بڕی مووچە بە رێژەی 30%ـە و بۆ 5500 لیرە زیادی دەکەن.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتریش رۆژی 16-11-2021 سەرۆککۆماری تورکیا کەمترین مووچەی بە رێژەی 50% بەرزکردبووەوە و گەیاندبوویە 4250 لیرە (275 دۆلاری ئەوکات) و راشیگەیاند، بەپێی باری خێزانداری و ژمارەی منداڵەکانی کارمەندان، بەرزتر دەبێتەوە.
 
بەرزبوونەوەی کەمترین بڕەمووچەی تورکیا تاوەکو ئەوکاتە سوودی بۆ خەڵک هەیە کە بەهای لیرەی تورکی جێگیر بێت و هەڵاوسانیش لە بەرزبوونەوە بوەستێت.
 
رۆژی چوارشەممە 28ی ئەیلوولی 2022، لە بۆرسەکانی تورکیا لیرەی تورکی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە دابەزین تۆمارکرد، بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 18.55 لیرە و دواتر لە 18.53 لیرە جێگیر بوو. هەروەها یەک یۆرۆ بە 17.79 لیرە و یەک پاوەندی ئیستەرلینیش بە 19.88 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەم دابەزینەی بەهای لیرەی تورکی لە کاتێکدایە رۆژی 22ی ئەیلوولی 2022، دامەزراوەی سیاسەتی دراوی سەر بە بانکی ناوەندیی تورکیا، رێژەی سوودی سەر گواستنەوەی هەفتانەی دراوی 100 خاڵ دابەزاند و لە 13%وە بۆ 12% کەمیکردەوە.
 
ئابووریناسان ئەو هەوڵەی بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ 12% بۆ بایەخی بانکەکە دەگەڕێننەوە بۆ خزمەتکردن بە سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووری بۆ کۆتایی ساڵ. جەخت لەوەش دەکەنەوە، بڕیارەکە پەیوەندیی بە کەمکردنەوەی ئاستی هەڵاوسانەکان نەبووە، کە تورکیا بەدەستیەوە دەناڵێنێت و ئاستی هەڵاوسانەکەی بۆ سەرووی 80.2% بەرزبووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە