رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە بارەی بەکارهێنانی وشەی کوردستان لە ناوەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) رایگەیاند، لە دادگای دەستووریی تورکیا پرۆسەی یاسایی لە دژی ئەو پارتە بەردەوامە.
سکرتایەتی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئەیلولی 2021 لە راگەیێنراوێکدا وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی دایەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە بارەی وشەی کوردستان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردبوو و داوای کردبوو سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا وەڵامی بداتەوە "کوردستان کوێیە؟".
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "پارتی ئازادیی کوردستان لە 11ی کانوونی یەکەمی 2014 دامەزراوە. بەهۆی ئەوەی پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی ئازادی کوردستان پێچەوانەی یاسای ژمارە 2820ی دەستووری تورکیایە، لە 20ی کانوونی یەکەمی 2018 سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و داوای پرۆسەکە هێشتا لە دادگای دەستوور بەردەوامە. هەروەها بەگوێرەی مادەی 69ی دەستووری تورکیا، دادگای دەستوور چاودێری دارایی پارتە سیاسییەکان دەکات و لە چوارچێوەیەدا، چاودێری دارایی پارتی ئازادی کوردستان کراوە. لەلایەکی دیکەوە 3 پارتی سیاسی دیکە کە لە کانوونی یەکەمی 2011، نیسانی 2014 و مایسی 2016 دا لە تورکیا دامەزراون، وشەی کوردستان لە ناوی پارتەکانیاندا هەیە. داواکاری گشتیی تورکیا بۆ داخستنی ئەو پارتانە سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە و پرۆسەی یاسایی لەبارەی دۆسیەی داخستنیان لە دادگای دەستوور بەردەوامە".
لە داواکارییەکەدا کە چەند رۆژ بەر لە ئێستا لوتفو تورککان، بریکاری سەرۆکی ئیی پارتی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردبوو لە سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەپرسێ:"کوردستان کوێیە؟" چۆن ناوی پارتێک لە فلتەری وەزارەتەکەی دەرچووە کە وشەی کوردستانی تێدایە؟ ئایا هۆکارێکی تایبەتی هەیە؟ لوتفو تورککان هەروەها داوای لە سۆیڵو کردووە، کە وەڵامی بداتەوە.
لە داواکارییەکەی بریکاری سەرۆکی ئیی پارتیدا هاتووە:"ئایا بڕیاری دادگای دەستووریی ساڵی 2018 بە کۆی دەنگ لەسەر گونجاویی پارتی ئازادیی کوردستان بە یاسای پارتەکان، بە مانای قەبووڵکردنی ئەو هەرێمە دێت کە بەناو کوردستانی پێدەڵین؟ لەکاتێکدا لە تورکیا گوتنی 'کوردستان' قەدەخەیە، ئایا بوونی ئەم وشەیە لە ناوی پارتێکدا ئاساییە؟"
مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارتەکەی 11ی کانوونی یەکەمی 2014 بەڵگەنامە و نووسراوی دامەزراندنی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کراوە و دواتریش مافی بوون بە پارتێکی یاسایی بەدەستهێناوە.
هەروەها راشیگەیاند: "کانوونی دووەمی 2015 داواکاری گشتی لە دادگای باڵای کۆماری پارتەکەمانی ئاگادارکردەوە کە ناو و پرۆگرام بگۆڕێ، بەڵام پاک ناو و پرۆگرامی نەگۆڕی. دواتریش لە کانوونی یەکەمی 2016 دادگای دەستووریی تورکیا بۆ هەمان مەبەست ئاگاداری کردینەوە، بەڵام پاک ئەوکاتیش گۆڕانکاریی لە ناو و پرۆگرامەکەیدا نەکرد".
ئۆزچەلیک باسی لەوە کرد کە ساڵی 2019 دۆسیە بۆ داخستنی پارتەکەیان لە دادگا کراوەتەوە و گوتی: "ئێمە بەرگریمان لە ناوی پارتەکەمان بە زمانەکانی کوردی و تورکی کرد. پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەردەوامە. پاک وەکو پارتێکی یاسایی لە ئەنقەرە و لە ژێر چاودێریی دەزگای هەڵبژاردن ساڵی 2017 و 2020 دوو کۆنگرەی ئاسایی بەست. پاک ساڵانە وەکو پارتێکی یاسایی دەرخستەی بودجە ئاراستەی ئەنجوومەنی سەروەری کردووە و لە بودجەدا هیچ کێشەیەکیشی بۆ دروستنەبووە. پاک بەپێی بڕگەی 90ی دەستووری تورکیاش پارتێکی یاساییە".
سەرۆکی گشتیی پاک هەروەها ئاماژەی بەوەدا ناوی کوردستان لەلایەن پارتەکەی ئەوانەوە دانەهێنراوە، بەڵکو چەندینجار لەلایەن ئیمپراتۆریی عوسمانی و دامەزرێنەری کۆماری تورکیا مستەفا کەمال ئەتاتورک و دامەزرێنەرانی دیکەی دەوڵەتی تورکەوە لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا وەکو ناوی وڵاتێک پەسندکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ