تورکیا لەبارەی تێکشکانی درۆنێکیان لە کەرکووک: لەگەڵ لایەنی عێراقی لەسەر هێڵین

29-08-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی خرانە خوارەوەی درۆنێکی وڵاتەکەی لە کەرکووک رایگەیاند، "لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی وردەکاری رووداوەکە بزانین".
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی ئابی 2024، ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دوای راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی درۆنێکی تورکیا لە کەرکووک، رایگەیاند: "بۆ ئاگاداربوون لە تەواوی وردەکاریی رووداوەکە، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری عێراقی لەسەر هێڵین." 
 
ئۆنجو کەچەلی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، "تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەوپەڕی پێداگرییەوە درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەدات."
 
جەخت لەوەش دەکاتەوە کە "تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستانەی لە خاکی عێراق دا شوێنپێی خۆیان کردووەتەوە، بە پشتبەستن بە مادەی 51ـی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی بەرگریی رەوا و پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەمان، ئۆپەراسیۆنەکانی دەکات."  
 
دەشڵێت: "لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، تورکیا و عێراق بە ئیرادەیەکی هاوبەشی بەهێزەوە هەنگاو دەنێن. ناساندنی پەکەکە بە رێکخراوی قەدەخەکراو لەلایەن حکومەتی عێراق و واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنی لەنێوان وەزیرانی بەرگریی تورکیا و عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 15ـی ئاب کە لە ئەنقەرە کرا، بەرهەمی ئەم ئیرادە هاوبەش و بەهێزەی نێوانمانە."  
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئۆنجو چەکەلی دەڵێت: "تا بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستەکراو لە گۆڕەپانەکاندا، بەرپرسانی هەردوو وڵات مکوڕن لە درێژەدان بە هاوئاهەنگییە باڵاکانیان."  
 
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئاسمانی کەرکووک و بەدیاریکراوی لەسەر گەڕەکی تسعینی شاری کەرکووک درۆنێکی گەورە کەوتەخوارەوە و تێکشکا. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، کاژێر 9:30ـی بەیانی درۆنەکەیان بەدیکردووە و کاژێر 10:30ـی بەیانی کەوتووەتە خوارەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە