لە ئیستەنبووڵ تۆڕی پشتیوانی لە کۆچبەر و پەنابەران دامەزرا

رووداو دیجیتاڵ

لە ئیستەنبووڵ، تۆڕی پشتیوانی لە کۆچبەران و پەنابەران لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دامەزرا. ئامانجیان کەمکردنەوەی ئاستی هێرش و گوشارە بەردەوامەکان و پێشێلکارییەکانە لە دژی کۆچبەران. 
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 28ـی ئابی 2024، لە نووسینگەی لقی ئیستەنبووڵ-ی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا، تۆڕی پشتیوانی لە کۆچبەران و پەنابەران دامەزراند. 40 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی بەشداربوون لە پێکهێنانی تۆڕەکە. 
 
یڵدز ئۆنەن، لەبارەی ئامانجی دامەزراندنی تۆڕەکە، بە عومەر سۆنمەز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامانجی سەرەکییان کەمکردنەوەی ئاستی هێرش و گوشارە بەردەوامەکان و پێشێلکارییەکانە لە دژی کۆچبەران. گوتیشی: "کۆچبەران و پەنابەران رووبەڕووی تووندوتیژی و مامەڵەی خراپی رەگەزپەرستی دەبنەوە و مافەکانیان پشتگوێ دەخرێت."
 
باسی لەوەشکرد، لە زۆربەی ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەکانی تورکیادا، کۆچبەران و پەنابەران دەبنە قوربانی. دوایین جار، رووداوەکانی 20-24ـی حوزەیران بوو لە پارێزگای قەیسەری کە بەهۆیەوە سەتان کۆچبەری سووریایی رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەوە. 
 
جەختی لەوەشکردەوە، نزیکەی چوار ساڵە کۆچبەران و پەنابەران بە گشتیی و سووریاییەکان بەتایبەتی لە دۆخێکی خراپدان. "هەفتەی رابردوو 400 کۆچبەر دوای دەستگیرکردنیان، دیپۆرت کرانەوە."
 
باسی لەوەشکرد، ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوە کە راستەوخۆ لەژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەدایە، مامەڵەی زۆر خراپ لەگەڵ کۆچبەران دەکەن. بەشێکیان زیاتر لە 10 مانگە لەم ناوەندانە زیندانیکراون و چاوەڕێی دیپۆرتکردنەوەن. 
 
سەبارەت بە کۆچبەر و پەنابەرە سووریاییەکانی نیشتەجێبووی تورکیا و باکووری کوردستان، یڵدز ئۆنەن رایگەیاند، دوای رووداوەکەی قەیسەری، کۆچبەرە سووریاییەکان لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین. هیچ کاسبکارێکیان لە قەیسەری نەماوە. تەنانەت لە ئیستەنبووڵ ژمارەیەکی زۆر کاسبکار و دووکانداریان لە ماڵتا، ئەسەنیورت و سوڵتان بەیلی هەبوو، ئێستا ژمارەیان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. 
 
یڵدز ئۆنەن باسی رۆڵی میدیا دەکات و دەڵێت: "دەمانەوێت میدیا لەم کەیسەدا رۆڵ بگێڕێت، بەڵام دەسەڵات نایەوێ دیوە شاراوەکان ئاشکرا بکات و هەمیشە لە پرسی کۆچبەراندا دوور لە چاوی کامێراکان رەفتار دەکات. ئێمەش لە رێگەی ئەم تۆڕە دەمانەوێت ببینە دەنگ و رەنگیان و مافەکانیان بپارێزین." 
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان؛ لە تورکیا و باکووری کوردستاندا بە گشتی چوار ملیۆن و 437 هەزار کۆچبەر و پەنابەر دەژین. ژمارەی سووریاییەکان سێ ملیۆن و 103 هەزار و 664 کەسن. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناسنامە و کاروباری رەگەزنامەی تورکیا دەڵێت: "238 هەزار و 768 پەنابەری سووریایی وڵاتینامەی تورکیایان پێدراوە. 134 هەزار و 624 کەسیان پێگەیشتوون و 104 هەزار و 144 کەسیان منداڵن."