رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی بازرگانێکی داواکراوی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەریان لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بازرگانە رادەستی ئینتەرپۆل دەکرێت و لە سوێد دادگایی دەکرێت.
ئەمڕۆ (دووشەممە 29ـی تەممووزی 2024) عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بازرگانێکی مادەی هۆشبەر بەناوی ئەلێکساندەر گوستافسۆن کە هاووڵاتیی سوێدییە و لە لیستی داواکراوانی ئینتەرپۆل و یۆرۆپۆلدا بووە، لەلایەن تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر سەر بە ئاسایشی ئیستەنبووڵەوە دەستگیرکراوە.
عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، بازرگانەکە رۆژی 24ـی مانگ لە مۆنتینگرۆوە بە پاسپۆرتێکی ساختەی کۆسۆڤا و بەناوی بەسنیکل گەیشتووەتە ئیستەنبووڵ و لە هۆتێلێکی ناوچەی ئاڤجیلاری ئیستەنبووڵ ماوەتەوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، دوای وەرگرتنی زانیاری و دڵنیابوون لە ناسنامەکەی، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و لەگەڵ 4 کەسی دیکە دەستگیریان کرد.
یەرلیکایا رایگەیاند، ئەلیکساندەر گوستافۆن گەورەترین بازرگانی کۆکایینە و تەنیا ئەم ساڵ 1570 تۆن کۆکایینی لە کۆڵۆمبیاوە گواستووەتەوە وڵاتانی ئەورووپا و ئوسترالیا.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەشکرد، دوای تەواوکردنی رێکارە ئەمنییەکان، بازرگانە داواکراوەکە رادەستی ئینتەرپۆل دەکرێت و دەنێردرێتەوە سوێد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ