سەرۆکی جەهەپە: هەوڵدەدەم بەم نزیکانە لەگەڵ ئەسەد کۆببمەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، بیر لەوە دەکاتەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا کۆببێتەوە.
 
لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کە رۆژی شەممە 29-6-2024 بڵاوکرایەوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، بیر لەوە دەکاتەوە دوای مانگێک یان مانگێک و نیوی دیکە لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆببێتەوە.
 
لە بەرنامەکەدا چەندین تەوەری جۆراوجۆری نێوخۆیی و دەرەوەی تورکیا باس کران. یەکێک لەو بابەتانە پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق و بابەتی کۆچبەران بوو. 
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق، ئۆزەل وەبیریهێنایەوە کە ئەردۆغان باسی لە کۆبوونەوەی هەواڵگریی نێوان هەردوولا کرد و جەختیکردەوە کە دەتوانن ئەو پەیوەندییانە بۆ پەیوەندیی دیپلۆماسی بگۆڕن. ئۆزەل گوتی "ئەو کەسەی ئەوکات سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بوو، ئێستا وەزیری دەرەوەیە و ئەمە نیشانی دەدات کە زەوینەیەکی گونجاو هەیە. بەڵام لەبەرئەوەی ئەسەد کشاندنەوەی سوپای تورکیای لە سووریا کردووەتە پێش مەرج، وا دەبینرێت پەیوەندی و گفتوگۆ دروستنابێت."
 
ئۆزەل: هەوڵدەدەم بەم نزیکانە لەگەڵ ئەسەد کۆببمەوە
 
ئۆزگور ئۆزەل باس لەوە دەکات، جەهەپە هەوڵدەدات لەو دەرگا داخراوە بدات. "هەوڵی جیدیمان هەیە و لەگەڵ سووریا لەڕێی 'دیپلۆماسیی دەرگای پشتەوە' پەیوەندی دروستدەکەین، هەوڵەکەش بە شێوەی ئەرێنی دەڕوات. لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەگەر بتوانین بیگونجێنین، لە ماوەیەکی درێژ نا، بیر لەوە دەکەمەوە بڕۆم لەگەڵ ئەسەد کۆببمەوە. جا ئەگەر لە مانگێک یان مانگ و نیوی دیکە بگونجێت، لەگەڵ ئەسەد کۆدەبمەوە. لەوانەیە بەر لەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەڕێز ئەردۆغانیش کۆببمەوە. کاتێک دەڕۆمە لای بەڕێز ئەسەد ئەمە وەبیردەهێنمەوە، کە ئەتاتورک سێ رێسای زێڕینی لەبارەی دراوسێکان هەبوو؛ یەکەم، رێز لە یەکێتیی خاکی دراوسێ بگرە. دووەم؛ دەست لە کاروباری نێوخۆیی دراوسێ وەرمەدە. سێیەم؛ لایەنی دەرەوەی دەوڵەتی دراوسێ بە موخاتەب مەزانە."

 

سەرۆکی جەهەپە: سێ رێساکەی ئەتاتورک لەگەڵ دراوسێکان جێبەجێدەکەم

 
ئۆزەل هەروەها دەڵێت، وەکو سەرۆکی جەهەپە کە ئەو سێ رێسایەی ئەتاتورک جێبەجێ دەکات و پێشنیاز بۆ ئەسەد دەکات هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی تورکیا و کێشەی شەڕی نێوخۆیی سووریا بنێن.
 
سەرۆکی جەهەپە گوتی "پێشی دەڵێم لایەنەکانی دیکەش لەم بابەتەدا هەن، رووسیا کە ئەمە بۆ تۆ دەگەڕێتەوە. هەروەها ئەمریکا هەیە و کێشەکە بە هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا، بەیەکەوە چارەسەر دەکەین. جا ئەگەر تورکیا و سووریا لە بابەتی یەکپارچەیی خاکی سووریا رێکبکەون، چ پێویستییەک بە ئەمریکا و رووسیا هەیە؟ بەڵێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پارەیەکی زۆر پێویستە. من لەو باوەڕەدام ئەو پارەیەم لە یەکێتیی ئەوروپا دەستدەکەوێت." 
 
رۆژی 14ـی مانگ، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئاماری کۆچبەر و پەناخوازە سووریاییە نیشتەجێبووەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەیان 3 ملیۆن و 113 هەزار و 478 سووریایین. 1 ملیۆن و 125 هەزار و 623 کەسیان مافی نیشتەجێبوونیان هەیە و 234 هەزار و 528 کەسیان لەژێر پاراستنی کاتیی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە تورکیا نیشتەجێن.
 
سەرۆکی جەهەپە هەروەها جەختیکردەوە کە تورکیا ناتوانێت کێشەکان بەبێ دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق چارەسەر بکات. 
 
سەبارەت بەو بۆچوونەی لەلایەن بەشێک لە دژەکۆچبەرانی تورکیا نیشان دەدرێت و دەگوترێت، 'با سووریاییەکان سەربخرێنە سەر شەمەندەفەر و بیاننێرینەوە'، سەرۆکی جەهەپە رەتیکردەوە و گوتی چارەسەر بەمجۆرە ناکرێت. 
 
ئۆزگور ئۆزەل: دەبێت دەستوور پۆشاکێک بێت بۆ تەواوی کۆمەڵگە 
 
یەکێک لەو بابەتانەی لە بەرنامەکەدا باسکرا، هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستووری تورکیا بوو. ئۆزەل لەمبارەیەوە گوتی "ئەوەی داوای دەستوورێکی نوێ لە ئێمە دەکات، سەرەتا پێویستە دەستووری ئێستا جێبەجێ بکات. من ئەمەم بە شێوازی دیکە بە بەڕێز کورتوڵموش و بەڕێز ئەردۆغانیش گوتووە. بۆ نموونە با پۆشاکێکی تازە بدوورین، ئەی چی لە کۆنەکە دەکەین؟ تۆ کۆنەکەت لەبەر نەکردووە و تازەت دەوێت. ئەگەر لەبەری دەکەیت، با بیدوورین."
 
"نابێت دەستوور تەنیا بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان بنووسرێتەوە"
 
سەرۆکی جەهەپە جەختیکردەوە کە ئەم دەستوورە پێویستە بۆ تەواوی خەڵک بنووسرێتەوە نەوەک تەنیا بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان. "جاری رابردوو دەستوور بەتایبەتی بۆ ئەردۆغان هەموارکرایەوە، بۆیە سەرکەوتوو نەبوو. ئێستا ئەردۆغان داوای دەستووری نوێ دەکات. ئەگەر ئەوان بەو جۆرە لە بابەتەکە نزیک ببنەوە، من لەگەڵیاندا دانانیشم." 
 
ئۆزەل بۆ ئەردۆغان: با هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەین
 
ئۆزەل باگهێشتی ئەردۆغانی کرد و گوتی "بەڕێز ئەردۆغان، دوو ساڵ و نیوت تێپەڕی و دوو ساڵ و نیوت ماوە. وەرە با هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەین و جارێکی دیکە خۆت بەربژێر بکە. من دوو ساڵ و نیو دەخەمە سەری و تۆش دوو ساڵ و نیو بخەرە سەری. ئەگەر متمانەت بە خۆت هەبێت، دیسان دەیبەیتەوە و دوو ساڵ و نیو قازانج دەکەیت. ئەگەر بیشیدۆڕێنیت، دوو ساڵ و نیو لەدەست دەدەیت. ئەمە بانگهێشتێکی خراپ نییە. ئەگەر لەمە رابکات، جارێکی دیکە بەربژێر نابێت. تۆ دەڵێیت وەرە ئێستا خۆت بەربژێر بکە، ئەو رەتی دەکاتەوە. باشە خۆ ئەگەر ئەم ماوەیە تەواو بێت، ئەو ناتوانێت خۆی بەربژێر بکات. کەواتە ئەگەر ئەمە قبووڵ نەکات، هیچ هیوایەکی بۆ بردنەوە نەماوە. من متمانەم بە خۆم، پارتەکەم و بەربژێرەکەم هەیە. وەرە با کێبڕکێ بکەین."
 
ئەردۆغان: هیچ هۆکارێک نییە رێگر بێت بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا
 
ئەم گوتانەی سەرۆکی جەهەپە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی 28-6-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای نوێژی هەینی لە ئیستەنبووڵ، بۆ رۆژنامەڤانان دوا و لە وەڵامی پرسیاری "بەشار ئەسەد لە دیداری لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی رووسیا تیشکی خستبووە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و رایگەیاندبوو، دەرگایان کراوەیە بۆ هەموو پێشهاتێک و چاوخشاندنەوەیەک بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە، بە مەرجی رێزگرتن لە سەروەریی سووریا، ئێوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ قسەکانی ئەسەد دەکەن؟".
 
لە وەڵامدا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "هیچ هۆکارێک نییە رێگر بێت بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا. وەک چۆن لە رابردوودا پێکەوە لەگەڵ سووریا پەرەمان بە پەیوەندییەکان دا، بەهەمان شێوە بەیەکەوە کار بۆ پەرەپێدانیشی دەکەین."
 
لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021، تورکیا دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق کردەوە. لە تشرینی یەکەمی 2021 وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە بولگاریا کۆبوونەوە. لە مانگی ئەیلوولیش بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی رووسیا، هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.