بوومەلەرزەیەک لە دەریای ئیجە روویدا

29-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای ئیجە لە پارێزگای موغڵا-ی باشووری رۆژئاوای تورکیا روویدا.
 
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 07:24 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر، لە دەریای ئیجە لە سنوورە ئاوییەکانی نیمچەدوورگەی داتچا لە پارێزگای موغڵا روویدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 9.65 کیلۆمەتر تۆمار کراوە.
 
دەزگای ئافاد راشیگەیاندووە، لەدوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی شوباتی 2023 تاوەکو ئێستا 51 هەزار و 161 پاشلەرزە روویانداوە، کە 14 پاشلەرزە 6 پلە و 87یان 5 پلە بوون.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە