رووداو دیجیتاڵ
عەبدولڕەحیم فورات، پەرلەمانتاری ئاک پارتی لەبارەی بێڕێزیکردن بە ئاڵای کوردستان دەڵێت، هەر ئاڵایەک بۆ گەلێک پیرۆزە و نابێت بێڕێزی بە هیچ ئاڵایەک بکرێت.
عەبدولڕەحیم فورات لەبارەی بێڕێزیکردن بە کورد، ئاڵای کوردستان، شێخ سەعیدی پیران، کەسایەتییەکانی کورد و پرۆسەی ئاشتی قسەی کرد.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاک پارتی رایگەیاند، "کەس بۆی نییە بێڕێزی بە شێخ سەعیدی پیران بکات، بێڕێزی بە ئەو، بێڕێزییە بە هەموو گەلی کورد. شێخ سەعیدی پیران 100 ساڵ خەباتی کردووە".
باسی لەوەش کرد، "لەگەڵ ماڵباتی بارزانی تێکەڵاویمان هەیە، ئەوانمان خۆشدەوێ، رازی نابین [لە تورکیا] بێڕێزی بە ماڵباتی بارزانی بکرێت. ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، کەمینەن و لەسەر رەگەزپەرستی سیاسەت دەکەن".
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گوتی، "ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی نابینم، 90٪ـی خەڵکی تورکیا لەگەڵ پرۆسەی ئاشتین و دەیانەوێت چەک دابنرێت. ئەم جارە ئاشتی سەردەگرێت و برایەتیی دروست دەبێت، من ئومێدم هەیە و ئاستەنگ نابینم".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدولڕەحیم فورات، پەرلەمانتاری ئاک پارتی:
رووداو: ئەو سووکایەتییەی لە نێو جەماوەری جەهەپە بە ئاڵای کوردستان کرا، نیگەرانییەکی چۆنی لە نێو کوردانی ئاکپارتی دروستکرد؟
عەبدولرەحیم فڕات: بێگومان ئەو بێ حورمەتییە هەموومانی نیگەران کرد. بەگوێرەی دەستووری عێراق؛ هەرێمی کوردستان کیانێکی سەربەخۆیە، جا بێحورمەتی بە ئاڵای ئەو کیانە لە وڵاتێکی دیکەدا لە مافی نێودەوڵەتیدا جێی شەرمەزارییە. هەروەها ئەو نەفرەتەی دژی ئاڵاکە ئێمەی نیگەران کرد. هەموو پارتێک دەتوانێت سیاسەت بکات و بیروڕاکانی بخاتەڕوو، بەڵام بێحورمەتی بەرامبەر ئاڵای وڵاتێکی دیکە، بەرامبەر ئاڵای کوردستان، ئێمەشی نیگەران کرد. ئێمەش بیروڕاکانمان لەمبارەیەوە لە میدیا خستەڕوو".
رووداو: بەڕێز فڕات، کاتێک لە نێو پەرلەماندا بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان کرا، هەڵوێستی ئێوە چی بوو و چیتان گوت؟
عەبدولرەحیم فڕات: ئەمڕۆ کوردستانی عێراق، بەگوێرەی دەستوور و یاسای عێراق، دەوڵەتێکی سەربەخۆیە؛ ستاتۆی هەیە، ئاڵای هەیە، سەرۆککۆماری هەیە کە لێرەوە سڵاو و رێزیان ئاراستە دەکەم. پەرلەمانتارانی تورکیا مافی ئەوەیان نییە سووکایەتی بەو ئاڵایە بکەن. ئەگەر تەنیا لەبەرئەوەی ئاڵای کوردستانە سووکایەتیی پێبکەن، ئەمە زۆر شوورەییە و دەبێتە هۆکاری دروستکردنی کینە و نەفرەت. لە جیهاندا هەزاران ئاڵا هەن، هەر ئاڵایەک بۆ گەلەکەی خۆی پیرۆزە و جێی رێزە و ئێمەش دەبێت رێزی لێ بگرین. هەرکەسێک سووکایەتی بە ئاڵای وڵاتێکی دیکە بکات، ئەمە کارێکی باش نابێت. لەڕووی مرۆڤایەتی و لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، کارێکی باش نییە.
رووداو: لە نێو پەرلەماندا دەم پارتی بە شێوەیەکی ئاشکرا بەرپەرچی ئەوانی دایەوە. وەڵامی ئیی پارتی و جەهەپەشی دایەوە کە بەرپرسانی ئەوان بێڕێزییان کردبوو. ئایا ئێوەش وەکو ئاکپارتی هیچ وەڵامێکتان هەبوو؟
عەبدولرەحیم فرات: لە پەرلەمانی تورکیادا یاسا و رێسا هەن. دەم پارتی لە پەرلەماندا فراکسیۆنی هەیە. سەرۆک و بریکاری فراکسیۆن دەتوانن قسە بکەن، بەڵام پەرلەمانتار ناتوانێت لەخۆیەوە قسە بکات، واتا ئەمە رێکار و رێسای خۆی هەیە. هەر بۆیەش ئێمە لەسەر هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گلەییەکانی خۆمانمان لەمبارەوە خستەڕوو.
رووداو: بەڕێز فڕات لە نێو خۆپێشاندانەکانی جەهەپەشدا شێخ سەعید ئەفەندیش سووکایەتیی پێ کرا. وێنەی ساتی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدیان بەرزکردبووەوە. ئایا ئێوە چ وەکو ماڵبات چ وەکو سیاسەتڤان هیچ ناڕەزاییەکتان نیشاندا؟ ئایا لەڕووی سیاسی و یاساییەوە هیچ دەکەن؟
عەبدولرەحیم فڕات: لەم رۆژانەدا سووکایەتیی زۆر بەرامبەر شێخ سەعید ئەفەندی و هاوڕێیانی دەکرێن. ئەوانەش کە سووکایەتییەکە دەکەن، دیارە بیر و بۆچوونیان چییە. ئێمە لە دادگە لەرێی پارێزەرانی خۆمانەوە سکاڵایان لە دژ تۆمار دەکەین. نزیکەی هەزار سکاڵا تۆمارکراوە. زۆربەی ئەوانەی سووکایەتی دەکەن لە دادگە سزا دەدرێن. هەموو کەسێک شایەنی رێزە، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت (ولقد کرمنا بنی آدم)، دەبێت رێز لە هەموو مرۆڤێک بگیرێت. شێخ سەعید ئەفەندی بۆ کورد و موسڵمانان مرۆڤێکی هێژا و رێزدارە. ئێمە لەسەر رێگە و رێبازی ئەودا دەڕۆین. هەر کاتێکیش سووکایەتی بە شێخ سەعید ئەفەندی بکرێت، ئەو سووکایەتییە ئاراستەی موسڵمانان و کورد کراوە. ئێمە پێشتریش کاردانەوە و هەڵوێستمان لەم بابەتەدا هەبووە و لەمەودواش دەبێت.
رووداو: ئایا ئێوە هیچ سکاڵایەک لەسەر ئەو سووکایەتییەی بەمدواییەش تۆمار دەکەن؟
عەبدولرەحیم فڕات: بەڵێ، بێگومان تۆماری دەکەین. داواکاریی من ئەوەیە دەوڵەتی عێراقیش لەبەر ئەم سووکایەتییە بە ئاڵا (ئاڵای کوردستان) بریکارنامە بە پارێزەرانی تورکیا بدات و سکاڵا تۆمار بکات و لەڕێی یاساییەوە مافی خۆی وەربگرێت. لە باوەڕی ئێمەدا ئەوە هەیە کە ئەگەر شتێک بۆ مرۆڤ جێی رێز بێت، پێویستە هەمووان رێزی لێبگرن. دەبێت ئەوان فێربن رێز لە ئاڵا و گەورەکانی ئێمە بگرن.
رووداو: ئایا ئێوە سکاڵا لە دژی ئەو کەسانە تۆماردەکەن کە وێنەی شێخ سەعیدیان بەرزکردبووەوە، یان لە دژی کارگێڕیی جەهەپە؟
عەبدولرەحیم فڕات: زیاد لە کارگێڕی، ئێمە ئەو کەسانە دەستنیشان دەکەین کە ئەو کارەیان کردووە. سکاڵا لە دژی ئەو کەسانە تۆمار دەکەین. ئەگەر بەرپرسانی پارتەکەش ئەمەیان کردبێت، بێگومان سکاڵا لەسەر ئەوانیش تۆماردەکەین. چونکە هیچ کەسێک ئەو مافەی نییە. ئەمڕۆ بابەتی شێخ سەعید ئەفەندی 100 ساڵی تێپەڕاندووە. نابێت ئەو کینە و نەفرەتە دوای 100 ساڵیش هەر بەردەوام بێت. ئێمە ئەم نەفرەتە قبووڵ ناکەین.
رووداو: بەڕێز فڕات ئێوە ئەو کەسانەتان دەستنیشان کردووە؟ دەزانن کێن؟
عەبدولرەحیم فڕات: بەڵێ، سەرەتا ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو کەسانە دەستنیشان دەکەین، دواتریش ئاسایش و داواکاری گشتی بابەتەکە پشتڕاست دەکاتەوە، ئینجا ئێمە لە دادگە سکاڵای خۆمان تۆمار دەکەین. ئێمە سەرقاڵی ئەو بابەتەین. تاوەکو ئێستا ئێمە نزیکەی هەزار سکاڵامان تۆمارکردووە. بەشێکیان هێشتا بریاریان لەسەر نەدراوە، بەشێکیسیان بەهۆی ئەو سووکایەتیەوە سزادراون.
رووداو: بەڕێز فڕات، پەیوەندییەکی باش لە نێوان ماڵباتی ئێوە و ماڵباتی بارزانی هەیە. لە پەرلەمانی تورکیادا سووکایەتی بە بارزانییەکانیش کرا، ئایا ئێوە هیچ هەڵوێستێکتان هەبوو؟
عەبدولرەحیم فڕات: بیگومان لەبارەی ماڵباتی ئیمە و ماڵباتی بارزانی؛ ئێمە نەقشبەندین، ساڵی 1925 ماڵباتی ئێمە هاتوونەتە عێراق، باپیرەی من ناوی شێخ سەڵاحەدین ئەفەندییە. خۆشەویستیی ئێمە بۆ ماڵباتی بارزانی زۆر زۆرە. ئەمڕۆ زۆربەی کوردانی تورکیاش ئەو ماڵباتەیان خۆشدەوێت. ئێمە رازی نابین سووکایەتی بە ئەوان بکرێت، ئێمە رازی نابین سووکایەتی بە هیچ مرۆڤێک بکرێت. بەڕاستیش ئەو ماڵباتە پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا و بەتایبەتیش سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە و سیاسەتیان لەمبارەیەوە درێژەی هەیە. ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە تورکیا سووکایەتی دەکەن، بەشێکی کەمن. ئەوان لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی و نەژادپەرستی سیاسەت دەکەن. ئەوانەی شێخ سەعید ئەفەندی، ئاڵای کوردستان و ماڵباتی بارزانی دەکەنە ئامانج ئەو بەشەن، ئەگەرنا ئەم بیرۆکەیە وەنەبێت لە تەواوی تورکیا هەبێت. زۆرینەی تورکیا ماڵباتی بارزانییان خۆشدەوێت و ئاڵای کوردستانیان خۆشدەوێت. کەس بێڕێزی ناکات.
رووداو: کاتێک لە پەرلەمانی تورکیادا هێرش کرایە سەر ماڵباتی بارزانی، دەم پارتی بەرپەرچی ئەوانی دایەوە، ئایا لە نێو ئاکپارتیدا هیچ کەسێک وەڵامی ئەوانی دایەوە؟
عەبدولرەحیم فورات: زانیاریی تەواوم لەم بابەتە نییە، بەڵام ئێمە وەکو پەرلەمانتار بەهۆی رێسای پەرلەمانەوە ناتوانین قسە بکەین. چونکە یاسا و رێسا هەیە، ئێستا دەم پارتی فراکسیۆنی هەیە و دەتوانێت وەکو فراکسیۆن قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات کە دەیەوێت. ئێمە دەرفەتیکی لەمجۆرەمان نییە. بەڵام لای تەواوی پەرلەمانتارە کوردەکانی ئاکپارتی خۆشەویستییەک بۆ ماڵباتی بارزانی هەیە. هیچیەکیان بەو سووکایەتییە رازی نین کە کراوە.
رووداو: بەڕێز فورات، ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزاییانەی ئێستا دروستبوون، دەتوانن ببنە ئاستەنگ لەبەردەم ئەو پرۆسەیەی ئێستا لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکراوە؟
عەبدولرەحیم فورات: ئەو پرۆسەیە بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆش ئاستەنگ لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا نییە. لە تورکیا 90٪ی خەڵک لەگەڵ ئەوەدان ئەو پرۆسەیە سەربگرێت و چەک دابنرێت و لە تورکیا بە ماف، دادپەروەری و دیموکراسییەوە بژین. هەزار ساڵە دۆستایەتی و برایەتی لە نێوان کورد و تورک هەیە. راستە 40 ساڵە ئە وشەڕە هەیە، بەڵام دیسانیشەوە ئەو برایەتییە هەر هەیە. پەنا بەخوا ئەمجارە ئەو پرۆسەیە سەردەگرێت و ئاشتی و خۆشەویستی دروست ببێت. من هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم پرۆسەکە نابینم. هیوامان زۆرە و پەنا بەخوا، خوای گەورەش هاوکارمان دەبێت. هەروەک چۆن لە قورئاندا دەفەرموێت، هیچ سەرکەوتنێک نییە لە خواوە نەبێت.
رووداو: لەم بابەتەدا هیچ هەنگاوێکی نوێ نابینرێت، لەکاتێکدا دوای جەژن شاندی ئیمراڵی و سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان کۆدەبنەوە. تۆ بڵێی دوای دیدارەکە هیچ بەرچاوڕوونییەک هەبێت؟
عەبدولرەحیم فورات: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو پرۆسەیە ئەوەیە کە هەموو کەسێک زانیاریی تەواوی لەبارەیەوە نییە. شتەکە سنووردارە و کەم کەس زانیاریی تەواوی لەسەر ئەم پرۆسەیە هەیە. ئەمەش باشترە بۆ سەلامەتیی پرۆسەکە. چونکە هەرکاتێک زانیاری بڵاوکرایەوە، کارەکان قورستر دەبن. بەڵام ئێمە هیوادارین و پشتیوانیشی دەکەین کە پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەردەوام بێت، پەنا بەخوای لە دوای دیداری شاندەکە لەگەڵ سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، شتەکان باشتر و روونتر دیار دەبن.
رووداو: ئێوە باوەڕ دەکەن ئەو مافە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدەن بۆ ئەوەی سەرپەرشتی کۆنگرەی پەکەکە بکات کە ئەمە داواکاریی پەکەکەیە؟
عەبدولرەحیم فورات: لەم بابەتەدا زنایاریی تەواوم نییە، بەڵام چارەسەرکردنی بابەتەکە چۆن بێت، دۆخەکە ناچاریی داوە لەوەی دەبێت ئەو رێگەیە بگیرێتە بەر. کاتێک ئێمە دەڵێین پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەی پێویستە دەبێت بکرێت. بەڵام زانیارییمان لەسەر ئەم بابەتە نییە، لەڕاستیشدا من نیگەران نیم بەوەی زانیاریمان نییە. چونکە هەرچەند خەڵکی کەمتر زانیاریی لەبارەی ئەو پرۆسەیە هەبێت، هێندە باشە. بەوجۆرە فیتنە و فەساد کەمتر دەبێت و پرۆسەکەش بە ئاسوودەیی زیاترەوە بەڕێوەدەچێت. ئێمە هیوامان زۆرە.
رووداو: بەڕێز فورات ئاکپارتی ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، مافی کوردان قبووڵ بکات؟ بەجۆرێک لە دەستووریشدا کورد وەکو کورد بناسێندرێن نەوەک وەکو تورک؟
عەبدولرەحیم فورات: ئاکپارتی کاتێک ساڵی 2002 دامەزرا، تاوەکو ئەمڕۆ زۆر مافی بۆ کورد بەدیهێناوە. بەر لە هاتنی ئاکپارتی تەنانەت قسەکردنیشمان بە زمانی کوردی قەدەخە بوو. لە میدیا و کەناڵەکانی تەلەڤیزۆندا رێگە نەدرا بە زمانی کوردی قسە بکرێت. ئاکپارتی زۆر کەموکوڕیی تایبەت بە کوردی چارەسەر کرد. کردنەوەی تەرەتە6 و پەخش بە زمانی کوردی و زۆر شتی دیکە، هەمووی لە سەردەمی ئاکپارتی بوو کە ئەو مافانە دران. بەشێکی گرنگی دەنگدەرانی ئاکپارتی کوردن. کوردیش بە چاوێکی ئەرێنییەوە لەمە دەڕوانن. ساڵی 2015ش لەکاتی پرۆسەی چارەسەریدا کاتێک پرۆسەکە لەبارچوو، هۆکارەکەی ئاکپارتی نەبوو. لەو باوەڕەدام ئاکپارتی نەوەک هەر بۆ کورد، چونکە ئەمڕۆ لە تورکیادا کورد، تورک، عەرەب، چەرکەز هەن. ئاستی دیموکراسی بەرزبووەوە و مافی هەمووان زانرا. کاتێک ئەمە زانرا ئیدی هەمووان بە تورک، کورد و عەرەبەوە هەمووی دەبنە برا و بە برایەتی دەژین. پەنا بەخوا بە شێوەیەکی ئاسوودەتر ئەو پرۆسەیە دەگاتە ئەنجام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ