رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە هاوسەرۆک و 10 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی دەم پارتی، جەهەپە و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، 13 دۆسیەی تاوان دژی پێنج پەرلەمانتاری دەم پارتی، چوار پەرلەمانتاری جەهەپە، پەرلەمانتارێکی پارتی کرێکاری تورکیا و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دۆسیەی تاوان دژی هەریەک لە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی کە هاوکات پەرلەمانتاری بازنەی سێرتە؛ گوڵستان كڵچ کۆچئیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کە پەرلەمانتاری بازنەی قەرسە؛ نەجلا دەمیر، پەرلەمانتاری بازنەی ئاگریی دەم پارتی؛ بریتان گونەش، پەرلەمانتاری بازنەی مێردینی دەم پارتی؛ سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردینی دەم پارتی؛ هەروەها سیبەل سوچ ئیشلەمەز، پەرلەمانتاری بازنەی ترابزۆنی جەهەپە؛ جەمان ئەنگینیورت، پەرلەمانتاری بازنەی ئیستەنبووڵی جەهەپە؛ ماهیر پۆڵات، پەرلەمانتاری بازنەی ئیزمیری جەهەپە؛ عەلی ماهیر باشاریر، پەرلەمانتاری بازنەی مەرسینی جەهەپە؛ هەروەها ئەحمەد شک، پەرلەمانتاری پارتی کرێکاری تورکیا و کۆرای ئایدن، پەرلەمانتاری سەربەخۆ تۆمارکراوە.
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا ژمارەی دۆسیەکانی تاوانی بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی 28ـەمین خولی پەرلەمان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 775 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی پێشکێش کراون کە 541 یان دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی تۆمارکراون. لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتیدا 104 دۆسیە دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردین تۆمارکراون.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2024 بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە، متمانە لە جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری ئەو کاتی فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ) وەرگیرایەوە کە پێش هەڵبژاردنی زیندانیکرابوو.
بەپێی رێکارەکان، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاراستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان و دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی دەکات و دوای پەسەندکردنیان، لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە بابەتەکە دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجوومەنی گشتی بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ