رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سێ هاووڵاتیی تورکیا لە هێرشێکی ئیسرائیل کوژران لەکاتێکدا هەوڵیاندابوو لە لوبنانەوە بچنە ئیسرائیل.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-01-2025 ) لە راگەیێنراوێک بڵاویکردەوە "زانراوە سێ هاونیشتمانیی تورکیا، کە هەوڵیاندابوو بە نایاسایی لە لوبنانەوە بچنە ئیسرائیل، بەهۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیل لەو ناوچەیە گیانیان لەدەستداوە. داوای بەزەیی خوا بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەکەین و سەرەخۆشی لە خێزانەکانیان دەکەین."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوەشی بڵاوکردەوە "رێوشوێنی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو سێ کەسە دەستی پێکردووە."
تورکیا لە پەیامێکدا بۆ ئیسرائیل رایگەیاند، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە "ناڕەوایە" دەکەن کە بووەتە هۆی کوژرانی ئەو سێ کەسە. "ئێمە هەروەک چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە، دەبێت ئیسرائیل کۆتایی بەو سیاسەتە دووژمنکارانەی بهێنێت، کە رێز لە ژیانی مرۆڤ ناگرێت و گرژییەکانی ناوچەکە زیاد دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ