رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، دوو تۆمەتباری هێرشەکەی ئیستەنبووڵیان دەستگیرکردووە و گوتی، یەکێکیان خەڵکی رووسیا و ئەوی دیکەش خەڵکی تاجیکستانە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، "کاژێر 22:00ـی رۆژی یەکشەممە، لەکاتی هەڵکوتانەسەر شوێنەکەیان، هەردوو تۆمەتبار دەستگیرکران. دەمەوێت ئەوە رابگەیێنم کە هەردوو تۆمەتبارەکە هاووڵاتیی بیانین. پێمان وایە ئەو دوو هاووڵاتییە بیانییە کە یەکێکیان خەڵکی تاجیکستان و ئەوی دیکەیان خەڵکی رووسیایە، ئەندامی داعشن."
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیسی وڵاتەکەی 47 کەسی دیکەی لە 30 ناوچەی جیاوازی تورکیا بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر کەنیسەکەی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرد کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک.
عەلی یەرلیکایا هەڕەشە لەو کەسانە دەکات کە ئارامی تورکیا بە ئامانج دەگرن و گوتی، "هەرگیز رێگە بەو کەسانە نادەین کە هەوڵی تێکدانی ئارامی وڵاتەکەمان دەدەن. رێگە بە تیرۆریستان، هاوکارەکانیان، گرووپە تاوانکارییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان نادەین کە یەکگرتوویی و هاودەنگیمان دەکەنە ئامانج."
ئەو گوتانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای ئەوە هاتن، دوێنێ دوو چەکدار هێرشیانکردەسەر کەنیسەی سانتا مارییا کە لە ناوچەی سارییری ئیستەنبوول و تەقەیان لە خەڵک کرد.
دوای هێرشەکە، پێگەکانی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیارێتی رێکخراوەکەیان لە هێرشەکە راگەیاند و ئاماژەیان بە کوژرانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی دیکە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ