رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق ئاماری ساڵی رابردووی کۆچکردن و گیانلەدەستدانی پەنابەرانی لە تورکیا بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد ساڵی رابردوو 282 پەنابەر لە رێگەی کۆچ لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.
فیدراسیۆنەکە دەڵێت: "سەرەڕای قەدەخەی هاتووچۆ و راگرتنی ژیانی رۆژانە لە تورکیا و تەواوی جیهان بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بەهۆی تووندکردنەوەی سنوورەکان و سیاسەتی گرتن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران زۆرترین پەنابەر لە رێگای سەختی گەیشتن بە ژیانێکی ئارام گیانیان لەدەستداوە".
فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق بە پشتبەستن بە ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا ئاشکرای کردووە ساڵی رابردوو گرتن و هەوڵدانی رەوی بەکۆمەڵی پەنابەران بەرێژەی 73% کەمی کردووە.
بەپێی ئامارەکان لە ساڵی 2019دا 454,662 کۆچبەر هەوڵیانداوە لە رێگەی تورکیاوە کۆچ بکەن و دەستگیرکراون، بەڵام ساڵی رابردوو ئەو ژمارەیە بۆ 122 هەزار و 302 کۆچبەر کەمی کردووە، کە 3836 پەنابەریان عێراقی بوون.
سەبارەت بە گیانلەدەستدانی پەنابەرانیش لە دەریاو وشکانیی سنوورەکانی تورکیادا ساڵی رابردوو 282 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا 215 پەنابەر گیانیان لەدەستدابوو.
زۆرترین ئەو پەنارانەی کە ساڵی رابردوو دەستگیرکراون، ئەفغانین کە ژمارەیان 50 هەزار و 161 پەنابەر بووە، پەنابەرانی سووری بە پلەی دووەم دێن و 17 هەزار و 562 پەنابەری دەستگیرکراون، هەروەها پەنابەرانی پاکستانی لە پلەی سێیەم دێن و 13 هەزار و 487 پەنابەری پاکستانی دەستگیرکراون، دەستگیرکردنی پەنابەرانی عێراق بە پلەی چوارەم دێت و ساڵی رابردوو 3836 پەنابەری عێراقی لە تورکیا دەستگیرکراون.
داواکردنی مافی پەنابەرێتی
فیدراسیۆنی پەنابەران ئاماژەی بەوەداوە دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 دەسەڵاتی وەرگرتن و پەسەندکردنی کەیسی پەنابەران درایە دەست بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا رێژەی داواکردنی مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتی لە تورکیا ساڵ بەساڵ کەمی کردووە.
بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا سەبارەت بەداواکردنی مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتی ساڵی رابردوو تەنیا 31 هەزار و 334 کەس داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە، لەکاتێکدا ساڵی 2019دا 54 هەزار و 417 کەس داوای مافی پەنابەرێتیان کردبوو.
بەپێی ئامارەکە لە ساڵی 2019دا 15 هەزار و 532 هاووڵاتیانی هەرێمی کورستان و عێراق داوای مافی پەنابەرێتیی نێودەوڵەتیان لە تورکیا کردبوو، بەڵام ساڵی رابردوو ئەو ژمارەیە بۆ 5,875 کەمیکردووە.
سەبارەت بە ئاماری دەستگیرکردنی قاچاخچییەکانیش، ساڵی رابردوو 4,282 قاچاخچی دەستگیرکراون، بەڵام لە ساڵی 2019دا 8,996 قاچاخچی دەستگیر کرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ