بەهۆی رزگارکردنی هەشت کەس لە بوومەلەرزەکەی خارپێت، تورکیا وڵاتینامە دەداتە پەنابەرێکی سووری

 
رووداو - خارپێت 

مەحموود عوسمان پەنابەرێکی سووریە و شەوی بوومەلەرزەکە لە خارپێت دوای ئەوەی گوێی لە دەنگی ژنێک دەبێت لەژێر داروپەردووی رووخاوی باڵەخانەیەک بەهانایەوە دەچێت و هەشت کەس رزگاردەکات.
 
مەحموود پێشتر تەنها خوێندکارێک بوو، بەڵام بەهۆی ئەو کارەی ئەنجامیدا ئێستا نێوبانگی لەنێو خەڵکی و هەتا گەیشتووەتە سەرۆککۆماری تورکیاش. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنیداوە وڵاتینامەی پێبدات.
 
مەحموود لەبارەی ساتی رووداوەکە بۆ رووداو قسەی کرد و دەڵێت، 20 خولەکێک پێش بوومەلەرزەکە لە ماڵ هاتووەتە دەرەوە، کاتێک بوومەلەرزەکە روویدا تووشی شڵەژان بووە و بیری لەوە کردووەتەوە یارمەتی خەڵک بدات. 
 
لەو کاتەدا باڵەخانەیەک لەبەردەمی مەحموود دەڕووخێت، مەحموود گوێی لە هاواری ژنێک دەبێت، دواتر دەچێت و ماڵباتێکی هەشت کەسی رزگار دەکات، سەرەتا پیاو ماڵەکە دەردەهێنێت و دەشڵێت، ژنەکە قاچی ببووە ژێر داروپەردووەوە و بە زەحمەت بۆی دەرهێندراوە.