گوتەبێژی دەم پارتی بۆ رووداو: شاندێکمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان چوونەتە ئیمرالی
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، شاندێکی پارتەکەیان بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە چوونەتە ئیمرالی.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە شاندی پارتەکەی بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان چوونەتە ئیمرالی.
میدیای فەرمیی تورکیا، رۆژی هەینی 27-12-2024 بڵاویکردەوە، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا بۆ دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان رەزامەندی نیشانداوە و بە گوێرەی کەشوهەوا، رۆژی شەممە یان یەکشەممە سەردانی ئیمرالی دەکات.
هەر لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دادی تورکیادا هاتووە، شاندەکە لە هەریەکە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ پێکدێت.
پێشهاتەکە لە کاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە''.
باخچەلی رۆژی 26-11-2024یش لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لە نێوان ئیمرالی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە".
دوای ئەو پێشنیازەی باخچەلی، دەم پارتی هەمان رۆژ داواکاری بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.