لە ئیستەنبووڵ دەست بەسەر 17 تۆن کحولی ساختەدا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند ئۆپەراسیۆنیکی هاوکاتی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە ئیستەنبووڵ، دەستبەسەر 17 تۆن کحولی ساختەدا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، رۆژی شەممە، 28-12-2024، بڵاویکردەوە، لە 20 رۆژی رابردوودا تیمەکانیان بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، چەند ئۆپەراسیۆنیکی هاوکاتیان لە 39 شارۆچکەی پارێزگەکە ئەنجامداوە.
ئۆپەراسیۆنەکان لە چەند شوێنێکی تایبەت بە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە ئەنجامدراون. تیمەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر 17 تۆن کحولی ساختەدا گرتووە.
سەلامی یڵدز، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیستەنبووڵ رایگەیاند: ''ئامانج لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحول، زیانگەیاندن بووە بە خەڵک''.
هەر لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لێکۆڵینەوە لەگەڵ 17 کەس کراوە.
بەگوێرەی ئامارێکی پارێزگەی ئیستەنبووڵ، لە رۆژانی یەکی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو 16ی کانوونی یەکەم، 37 کەس لەو پارێزگەیە بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.