سزایەکی سەیر؛ نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران دەبێت رۆژانە ئاڵای تورکیا لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبکاتەوە

28-12-2023
هەوار ئیسماعیل
نموونەیەک لە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاڵای تورکیا لەلایەن روشەن فورات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران.
نموونەیەک لە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاڵای تورکیا لەلایەن روشەن فورات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی خنس لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکوووری کوردستان، بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" لە سۆشیاڵ میدیادا سزایەکی سەیری بەسەر نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیراندا سەپاندووە، کە دەبێت رۆژانە و بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاڵای تورکیا لە هەژمارەکانی بڵاوبکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 26ـی کانونی یەکەمی 2023، روشەن فورات نەوەی شێخ سەعید لە شارۆچکەی خنس سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم، لەسەر چەند پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە ساڵانی 2015 و 2016دا، دەستبەسەرکرا.
 
روشەن فورات ساڵی 2016 لە سۆشیال میدیا وێنەی ئاڵای کوردستان و کۆنگرەی هەدەپەی بڵاوکردبووەوە، کە وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش دەرکەوتبوو،
 
نەوەکەی شێخ سەعیدی پیران بە پاساوی "بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" بردرایە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خنس و دوای وەرگرتنی گوتەکانی رەوانەی دادگە کرا. 
 
داواکاری گشتیی خنس داوای دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانیکردنی روشەن فوراتی کرد. بەڵام دادگەی خنس سزایەکی سەیری دا، ئەویش پۆستکردنی ئاڵای تورکیایە بۆ ماوەی 30 رۆژ لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە ئەگەر روشەن فورات بۆ ماوەی 30 رۆژ لەسەر یەک ئاڵای تورکیا لە سۆشیاڵ میدیا، لە هەژمارەکانی ئێکس، فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاونەکاتەوە و هەفتەی سێ جار نەچێتە بنکەی پۆلیس و واژۆ نەکات، ئەوا دەستگیر دەکرێت و رەوانەی زیندانی ژنانی پانۆس دەکرێت. 
 
دادگە لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی، "پێویستە تۆمەتبار هەموو رۆژێک لە کاتی پێداچوونەوەی دادوەریدا ئاڵای تورکیا لە هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاوبکاتەوە. ئەگەر هاوبەشی نەبێت، جارێکی دیکە بڕیاری دەستگیرکردنی لەبەرچاو دەگیرێت بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی کۆنترۆڵی دادوەری".
 
پۆلیس هەموو رۆژێک بە دوای ئەو خێزانەدا دەگەڕێت و ئاگاداریان دەکاتەوە کە ئەگەر رۆژانە ئاڵای تورکیا بڵاونەکەنەوە، ئەوا جارێکی دیکە روشەن فورات دەستگیر دەکەنەوە. 
 
بنەماڵەی فورات سکاڵا لەسەر ئەو دادوەرە تۆمار دەکەن کە بڕیارەکەی داوە.
 
ئەم بڕیارەی دادگەی خنس ناڕەزایەتی زۆری خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە و هەزاران کورد وەک کاردانەوەیەک "ئاڵای کوردستان"یان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردووەتەوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە بارۆی ئامەد و روها لەسەر ئەو ئەندامانەی دادگە کە ئەم بڕیارەیان داوە، لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەران و داواکاری گشتی تورکیا سکاڵایان تۆمار کرد. 
 
شێخ سەعیدی پیران، لە 13ی شوباتی ساڵی 1925 لە شارۆچکەی پیران سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لە دژی حکومەتی کەمالیستی تورکیا شۆڕشی راگەیاند، بەڵام سەرهەڵدانەکە سەرکەوتوو نەبوو و لە 29ـی حوزەیرانی 1925دا لەگەڵ 47 هاوڕێی لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی تورکیا لەسێدارەدران. تائێستاش گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئاشکرانەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. وێنە: AA

هاکان فیدان: هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا لە لاوازیمانەوە نییە

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە لاوازی یان ناچاری نییە، بەڵکو دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت ئەو هەنگاوە بنێن. ئاماژە بەوەش دەکات، رووسیا و ئێرانیش رۆڵی ئەرێنی دەگێڕن