تورکیا
حکومەتی تورکیا بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان داهات و هەڵاوسان، ساڵانە دووجار کەمترین مووچە زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە ڤێدات ئشکهان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا، کەمترین بڕەمووچەی باکووری کوردستان و تورکیای بۆ ساڵی 2024 بە 17 هەزار و 2 لیرە جێگیرکرد، کە بەگوێرەی نرخی ئێستا دەکاتە نزیکەی 580 دۆلار.
کۆبوونەوەی دیاریکردنی کەمترین بڕەمووچە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023 بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەت، خاوەنکاران و کرێکاران بەڕێوەچوو. وەزیری کار و کاروباری تورکیا رایگەیاند، لایەنەکان لە کۆتاییدا لەسەر 17 هەزار و 2 لیرە رێککەوتن. بڕیارەکە لە رۆژی 1-1-2024ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەرگیون ئەتالای، سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا رایگەیاند، داوایان لە حکومەت کردووە کەمترین بڕەمووچە بکرێتە 18 هەزار لیرەی تورکی، بەڵام دواجار بڕیار لەسەر 17 هەزار و دوو لیرە درا.
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی سەبارەت بە کەمترین بڕەمووچە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە ساڵی 2024، کەمترین مووچە بە رێژەی 49% زیاد دەکرێت و دەگاتە 17 هەزار و 2 لیرەی تورکی."
کەمترین مووچەی ناڕەزایی بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند "کەمترین بڕەمووچە، کە حکومەت بە 17 هەزار و 2 لیرە رایگەیاندووە، چارەسەر نییە بۆ کێشەی بژێویی خەڵک."
هەروەها عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا رایگەیاند: دڵتەنگ نیم کە کەمترین مووچە دیاری کراوە، دڵتەنگم چونکە مامەڵە لەگەڵ هەڵاوسان ناکرێت. هاوکات دڵتەنگم بەوەی ئەوان بە ئاشکرا و بە ئارەزووی خۆیان وڵاتەکەمان دەخەنە نێو هەڵاوسانێکی درێژخایەنەوە.
ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا کەمترین بڕەمووچەی کرێکارێک 11 هەزار و 400 لیرەی تورکییە کە کەمترە لە 390 دۆلار.
هەڵاوسان بەپێی ئاماری حکومەتی تورکیا گەیشتووەتە 62٪ و بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی کەرتی تایبەت زیاترە لە 100٪، بەمەش رۆژ لە دوای رۆژ بەهای پارەی گیرفانی کرێکاران کەمدەکاتەوە.
حکومەتی تورکیا بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان داهات و هەڵاوسان، ساڵانە دووجار کەمترین مووچە زیاددەکات، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی حکومەت بڵاویکردوونەتەوە، ساڵی 2024 تاوەکو کۆتایی، کار بەم کەمترین بڕەمووچەیە دەکرێت و لە تەممووزدا زیاد ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ