وەزیری تەندروستیی تورکیا: هەر مانگێک 400 پزیشک دەست لەکاردەکێشنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپەدا فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، لە 35 مانگدا 13 هەزار و 557 پزیشک دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
 
دوای ئەوەی فیکرەت شاهین، پەرلەمانتاری جەهەپە پرسیاری سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکان ئاراستەکردبوو، رۆژی سێشەممە 27-12-2022 فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند:"لە ماوەی 35 مانگدا 13 هەزار و 557 پزیشک دەستیان لەکارکێشاوەتەوە." 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی وەزیری تەندروستیی تورکیا، لە هەر مانگێکدا تێکڕا 400 پزیشک لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیان لەکار کێشاوەتەوە. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "مانگی حوزەیران پرسیارمان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کرد و لە وەزیرمان پرسی: لە 1-1-2020ەوە چەند پزیشک دەستیان لەکارکێشاوەتەوە؟ هەفتەی رابردوو وەڵاممان بۆ گەڕایەوە و گوتی، لە 1ی کانوونی دووەمی 2020ەوە کە 35 مانگ دەکات، 13 هەزار و 557 پزیشک دەستیان لەکارکێشاوەتەوە." 
 
فیکرەت شاهین سەبارەت بەو ئامارە گوتی، ئامارەکە واتای ئەوەیە ماوەی سێ ساڵە لە هەر مانگێکدا تێکڕا 400 پزیشک لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، پزیشکانی تورکیا و باکووری کوردستان ناڕازین لەو مووچەیەی پێیان دەدرێت و هەربۆیە ژمارەیەکی زۆریان دەچنە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا. 
 
بەپێی رێساکانی حکومەت، فەرمانبەران و پزیشکان بەر لەوەی کۆچ بەرەو وڵاتانی دەرەوە بکەن پێویستە پوختەی راژە لە وەزارەتەکانیان وەربگرن.
 
هەر بەپێی ئامارەکانی حکومەتی تورکیا، لە 11 مانگی 2022دا 2 هەزار 417 پزیشک بە مەبەستی چوونە دەرەوەی وڵات فۆرمیان پڕکردووەتەوە و داوای پوختەی راژەیان کردووە. فیکرەت شاهین هەروەها رایگەیاند: "پشتئەستوور بە هەمان ئامار، مانگانە 220 پزیشک تورکیا جێدەهێڵن و لە وڵاتانی دیکە نیشتەجێ دەبن."
 
رۆژی 14ی ئاداری 2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لەبارەی ئەو پزیشکانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و لە ئەوروپا و ئەمریکا کار دەکەن، رایگەیاند: "دەوڵەت پارەیەکی زۆر لە کەرتی تەندروستی خەرج دەکات، کەچی پزیشکان دەچنە دەرەوەی وڵات. کێ دەڕوات با بڕوات ئێمە گوێی پێنادەین. لە شوێنی ئەوان، پزیشکی تازە دەرچوو و خوێنی گەرم دادەمەزرێنین." 
 
ئەم گوتەیەی ئەردۆغان رەخنەی تووندی پزیشکانی باکووری کوردستان و تورکیای بەدواوە هات.