هاوسەرۆکانی هەدەپە: تورکیا پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەخت هەیە

رووداو دیجیتاڵ 
 
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن و چڕکردنی تواناکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، میدحەت سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی هەدەپە سەردانی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندەیان کرد. 
 
لە دوای کۆبوونەوەکەدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا. پەروین بوڵدان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی پڕ بایەخمان کرد. جەختی لەوەشکردەوە، داواکاری هەدەپە بۆ  هەڵبژاردنی پێشوەختە بە سەرۆکی پارتی ئایندە راگەیێندراوە و بەرنامەی کاریان لەمبارەیەوە پێشکێش کردووە. 
 
پەروین بوڵدان راشیگەیاند، تاوتوێی قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی ئابووری و چاوەڕوانییەکانی گەلیان کرد، هەروەها باسیان لە دەستپێشخەری و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک کردووە.  هاوکات بیروبۆچوون و بەرنامەی کاری هەدەپە پێشکێشی داودئۆغڵو کراوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. 
 
پەروین بوڵدان گوتی: "ئەمڕۆ تورکیا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە. هەمان ئەو پەیامە بە سەرۆکی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەگەیێنین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتایی هێنان بەو گوشارە داپڵۆسێنەرانەی لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپەوە دەکرێتە سەر کۆمەڵگەی تورکیا". 
 
هاوسەرۆکی هەدەپە هێرشی کردە سەر ئاکپارتی و مەهەپە، رایگەیاند: "لە سایەی دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە، نادادپەروەری و نایەکسانی و ستەم هەموو سنوورەکانی بەزاندووە و بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمانە، خواستی گەل لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دایە". 
 
میدحەت سانجار هاوسەرۆکی هەدەپەش رایگەیاند، لانیکەم هەوڵدەدەن میکانیزمی دیموکراسی کارا لەنێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پەیڕەو بکەن و گفتوگۆ لەبارەی دوایین گرفت و ئاڵنگارییەکان بکەن و رۆژەڤی تورکیا تاوتوێ بکەن. 
 
سانجار راشیگەیاند، وەک چۆن دەسەڵات هەموو هەوڵ و تواناکانی خستووەتەگەڕ بۆ جیاکاری لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەهەمانشێوە لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دروستکردنی جیاکاری لە نێوان هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن. باشترین وەڵامیش بۆ دەسەڵات، ئەوەیە میکانیزمی دیموکراسی کارا لە نێوان هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەهێزتر بکەن. 
 
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هاوسەرۆکانی هەدەپە دەربڕی و رایگەیاند، کۆبوونەوە و گفتوگۆکردنی دوولایەنی سیاسیی خاوەن دوو بیرۆکە و ئایدۆلۆژیا و بەرنامەی جیاواز، خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی ئەرێنییە و وەڵامێکە بۆ هەوڵەکانی هاوپەیمانیی دەسەڵات بۆ دروستکردنی درز لەنێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن. باشترین وەڵام، بەدیکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییە و بەهێزکردنی گیانی تەباییە، بەپێچەوانەی هەوڵەکانی دەسەڵات. 
 
داودئۆغڵو بەبایەخەوە جەختی لە سەردان و چالاکییەکانی هاوسەرۆکانی هەدەپە کردەوە و رایگەیاند، بۆ ئەوەی کێشە و قەیرانەکان چارەسەر بکرێن، خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ کۆمەڵگە بگەڕێتەوە، مەرجە دیالۆگ و گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەبێت و پشتیوانی لە کارنامە و پرۆژەکانی یەکدی بکەن.