رووداو دیجیتاڵ
پارێزگەی شرنەخ رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە چوونی خەڵکی بۆ 14 ناوچەی سنووری پارێزگەکە قەدەخەیە. دەشڵێت بڕیارەکە بەپێی یاسای سەربازی دراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای شرنەخەوە بڵاوکراوەتەوە، ناوچە سنوورییەکانی سەر بە سلۆپی، گابار، گوچلو کۆناک، سوهور یایلا، جودی، جزیرێ، فارقین، فاراشین، تەختەڕەش، بەیتوشەباب، دۆنمەزلەر، کۆڤانکایا، خوسرەوپاشا و ئاڵتنداغ وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت ناسێندراون و بۆ 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆیان قەدەخەیە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە ئەمڕۆوە دەستیپێکرد و تاوەکو 12ـی کانوونی یەکەمی 2024 بەردەوام دەبێت.
پارێزگەی شرنەخ دەڵێت، بە مەبەستی "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان"، ئەو شوێنانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵکیش کرد، پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
سوپای تورکیا چەند مانگێکە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیاد کردووە. ئەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنیان تێدا بەڕێوەدەچێت وەک ناوچەی ئەمنی تایبەت دەناسێنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ