موراد قەرەیلان: هیچ پەیامێکمان لە ئۆجەلانەوە بۆ نەهاتووە
رووداو دیجیتاڵ
موراد قەرەیلان، فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل دەڵێ، بە قەدەخەکردنی سەردانی خێزان و پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ زیندانی ئیمراڵی و دانانی قەییوم لەسەر شارەوانییەکان هیچ ئەنجامێک بەدەست نایەت و دەبێت کۆتایی بە تاکتیکی گوشارخستنە سەر سەرۆکایەتیمان بهێندرێت.
قەرەیلان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی نزیک لە پەکەکە کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024) بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەدا، جگە لە بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی، هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەنراوە.
فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل، جەختی کردووەتەوە لەوەی بزووتنەوەکەیان لە پشت ئەو پرۆسەیەوە وەستاوە، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەرەی پێدەدات، گوتی "بەڵام دەوڵەتی تورک لەو نێوەندەدا هیچ هەنگاوێکی نەناوە. تەنیا ئەوە نەبێت باخچەلی دوو، سێ جار رایگەیاند لە پشت بانگەوازەکەیەوە وەستاوە. بێجگە لەوە هیچ شتێکی دیکەیان نەکرد."
موراد قەرەیلان، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ پەکەکە ناردووە، گوتی "گوتیان گفتوگۆ هەیە؛ رایانگەیاند رێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ پەکەکە ناردووە، بەڵام پەکەکە قبووڵی نەکردووە. بەم شێوەیە لە چوارچێوەی شەڕێکی تایبەتدا بۆ سەرلێشێواندنی کۆمەڵگە پڕوپاگەندەیان کرد. با بە روونی بڵێین: تائێستا بێجگە لە پەیامی دوو رستەیی رێبەر ئاپۆ کە هاوبەشی کردووە لەگەڵ جەماوەر دوای دیدارەکەی لەگەڵ عومەر ئۆجەلان، هیچ پەیامێکی رێبەر ئاپۆ نەگەیشتووەتە بزووتنەوەکەمان. لەلایەن دەوڵەتی تورکیشەوە هیچ پەیامێکمان پێنەگەیشتووە. بەکورتی هیچ شتێکی کۆنکرێتی نییە، بەڵام بە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە، وای پیشان دەدەن پرۆسەیەک هەیە."
قەرەیلان دەڵێ "ئێمە، وەکو بزووتنەوە واتامان بە بانگەوازەکەی باخچەلی بەخشی؛ هەر بۆیە لێدوانێکمان دا؛ ئێمە لەپشت پرۆسەیەکەوەین کە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە دەکرێت".
قەرەیلان بە ئاماژەدان بەوەی کێشەی کورد بنەڕەتیترین و جددیترین کێشەی تورکیایە، گوتی "کێشەیەک نییە بە هەندێک بانگەواز چارەسەر بکرێت، کێشەیەک نییە کە بەبێ گۆڕانکاری و چاکسازی ریشەیی لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە چارەسەر بکرێت. بەبێ ئەوی هەنگاوی جددی و قەناعەتپێکەر بنرێت. مادام شتێکی وا نییە، کەوابوو شتێک نییە بە ناوی چارەسەر. بەپێچەوانەوە شلکردنەوەی ئامانجەکە و هێرشی لەنێوبردن هەیە."
مشتومڕەکانی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری لە تورکیا لە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو، بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە.
باخچەلی کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە، لەلایەکەوە پێداگرە لەسەر پەیامەکانی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەلایەکی دیکەوە دەڵێت، کۆتاییهاتنی پەکەکە نزیکە و دەم پارتی و جەهەپە تۆمەتبار دەکات بەوەی بە فەرمانی قەندیل دەجوڵێنەوە.