کچە کوردێک بووە یەکەمی کیکبۆکسینگ لە جیهاندا

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەریڤان باروت کچە کوردێکی دێرسیمی باکووری کوردستانە، لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی کیکبۆکسینگ لە وڵاتی پرتوگال لە رکابەرە ئیسرائیلییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوانی جیهان لە کیکبۆکسینگ.
 
ئەریڤان باروت، یاریزانی کیکبۆکسینگ بە رووداوی گوت، "بوومە پاڵەوانی جیهان لە کیکبۆکسینگ. لە پاڵەوانییەکەدا 70 وڵات بەشدارییان کردبوو و ئێمە یەکەم بووین. بە ناوی خۆم و زێدەکەم و گەنجانی زێدەکەمەوە زۆر دڵخۆشم".
 
ئەریڤان لەمەودوا ئامادەکاریی بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس دەکات کە بڕیارە ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت.
 
دایکی دەڵێت، متمانەی تەواوی بە کچەکەی هەیە.
 
کیبار باروت، دایکی ئەریڤان بە رووداوی گوت، "لە هەر بابەتێکدا قوڕی بنی هەڵدەگرێت و پێداگرە. پەنابەخوا سەرکەوتنی دیکەش تۆمار دەکات".
 
چەندین بەرپرسی دێرسیم و شارەکانی دیکە، چوونە پێشوازیی ئەریڤان.
 
پۆڵات شارئۆغڵو، پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە بە رووداوی گوت، "جامێکی جوانی هێناوەتە وڵات و شارەکەمان. ئەریڤان ئەمە یەکەمین بردنەوەی نییە. لە ئەوروپا، ئەمریکا و پێشبڕکێ جیهانییەکاندا ئەنجامی باشی هەبووە".
 
ئەریڤان پێشتر لە پاڵەوانیەتییەکانی نێوخۆدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و دێرسیمی کردە پێشەنگی کیکبۆکسینگ لە باکووری کوردستان و تورکیا.