دوای بوومەلەرزەکەی ئادانا لە 6 کاژێردا 20 پاشلەرزە روویاندا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر لە پارێزگای ئادانا لە تورکیا روویدا. دەزگای ئافاد دەڵێت، دوای بوومەلەرزەکە لە 6 کاژێردا 20 پاشلەرزە روویانداوە.
 
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد)ی تورکیا رایگەیاند، کاژێر 20:07 خولەکی شەوی رابردوو 27ی تشرینی یەکەمی 2024، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی 5.1 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی کۆزان سەر بە پارێزگای ئادانا روویدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 20.13 کیلۆمەتر تۆمار کراوە. بوومەلەرزەکە بووە هۆی دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان و بەشێکیان تاوەکو بەیانی نەگەڕانەوە ماڵەکانیان.
 
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە دەزگای ئافاد رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو، لە 6 کاژێردا 20 پاشلەرزە بە گوڕەکانی 3.0-3.8 روویانداوە.
 
یاووز سەلیم کۆشگەر، پارێزگاری ئادانا، لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، تیمەکانی جەندرمە، دەزگای ئافاد، مانگی سوور و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی زیانەکان. راشیگەیاند، زیانی گیانی نەبووە، تەنیا دیواری خانووە کۆنەکانی بەشێک لە گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی کۆزان، درزیان تێکەوتووە.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەش بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون.
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە