وەزیری ناوخۆی تورکیا: 1858 کەس بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە 76 پارێزگا ئۆپەراسیۆن دژی چەکی بێمۆڵەت بەڕێوەچووە و 1858 کەسیش دەستگیرکراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا کە ئەمڕۆ شەممە 28-10-2023 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لە ماوەی 4 رۆژدا لە 76 پارێزگای (باکووری کوردستان و تورکیا) بەڕێوەچوو. تیمەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر 1212 دەمانچەی بێمۆڵەت، دەمانچەی بچووک، 44 تفەنگی لوولە درێژ و 225 تفەنگی راوکردندا گرت. هەروەها 1858 کەس بە تۆمەتی هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەکی بێمۆڵەت دەستگیرکران.
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئوموت، ساڵی 2022 لە 3984 رووداوی شەڕدا لە باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. لە ئاکامدا 2278 کەس کوژراون و 4231 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئایهان ئاکجان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای ئوموت جەختی لەسەر زۆربوونی چەکی بێمۆڵەت لە تورکیا و باکووری کوردستان کردەوە و گوتی، "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، 9 چەکی بێمۆڵەت هەن. بەگشتی لە وڵاتەکەماندا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەن. لە بەرامبەردا نۆ هێندە چەکی بێمۆڵەت هەن کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە."
دەزگای ئوموت جگە لە ئامارەکان، هۆشداریش لە زیادبوونی ژمارەی چەک لە تورکیا دەدات. بەگوێرەی راپۆرتەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا، رۆژانە 10 کەس گیان لەدەست دەدەن و 20ی دیکەش بریندار دەبن. ساڵانە چەک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 5000 کەس.