رووداو دیجیتاڵ
مێرال ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند بەربژێریان لە هاوپەیمانیی میللەتدا دەبێتە 13یەمین سەرۆککۆماری تورکیا.
ئاکشەنەر سەردانی شارەوانیی دەمرەی لە پارێزگای ئەنتاڵیا کرد و لەگەڵ بازرگانان کۆبووەوە. دواتر لە گۆڕەپانی بابانوێڵ گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کرد و دڵنیایی-دا کە بەربژێری هاوپەیمانی میللەت دەبێتە سەرۆکۆماری تورکیا. هاوکات ئاماژەی بەو سەرکەوتنانەی ئۆپۆزیسیۆن کرد کە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2019ی شارەوانییەکان بەدەستهاتن.
ئەمە لەکاتێکدایە لەو هەڵبژاردنەی ئاکشەنەر باسی لێوە دەکات، پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە پشتیوانیی لە ئۆپۆزیسیۆن کرد، بەڵام ئێستا هەدەپە هیچ هاوپەیمانییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا نییە. شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن کە چەند جارێک کۆبوونەتەوە، تائێستا هەدەپەیان بانگهێشت نەکردووە. ئیی پارتی رایگەیاندووە، لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا بەشداریی ناکات کە هەدەپەی تێدا بێت و قبووڵیش ناکات هەدەپە بەشدار بێت لەو کۆبوونەوانەی ئیی پارتی تێیاندا بەشدارە.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا کە 2018 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی 42.56٪، جەهەپە 22.64٪، هەدەپە 11.7٪، مەهەپە 11.1٪ و ئیی پارتی 9.96٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
هەروەها لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی 44.33٪ و جەهەپە 30.12٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی) کرد کە بەو پشتیوانییە هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، کڕشەهیر، ئارتڤین، ئەردەخان، بۆڵو و چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی لەدەستدا.
بەپێی رۆژژمێری دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، حوزەیرانی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ