پەرلەمانتارێکی دەم پارتی داوا لە هەموو کوردێک دەکات هەڵپەڕكێ بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی داوا لە کورد دەکات لە هەر شوێنێکی جیهانن، شایی بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەیان کوڕ و کچی کوردییان لە شارەکانی تورکیا دەستگیرکرد، کە لە کاتی هەڵپەرکێدا دروشمی "گەریلا" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان گوتووەتەوە.
 
شەوی رابردوو، 27ـی تەممووزی 2024، سری ساکیک، پەرلەمانتاری ئاگریی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا رایگەیاند: "چەند رۆژێکە زۆر ئازاری کورد دەدەن. کار گەیشتووەتە ئاستێک کورد ناتوانێت گۆڤەندیش بکات. لەم چەند رۆژەدا رووداوێک لە مێرسینەوە دەستیپێکرد و تەواوی تورکیای گرتەوە. رووداوەکە چییە! بەهۆی شایی و هەڵپەڕکێوە، کورد کەلەپچە دەکرێن و لەناو ئۆتۆمبێلی پۆلیس ئەشکەنجە دەدرێن و ناچار دەکرێن گوێ لە هۆنراوەی بۆت دەمرم تورکیا بگرن، ئەمە ئەشکەنجەیە."
 
دەشڵێت: "پێشتر ئەم کارەیان لە زیندانی دیاربەکر لە دژی منداڵانی کورد دەکرد. منداڵی کورد چییان کرد؟ گوتیان یان چارەسەر یان مردن، بەشێکیان کوژران. ئەمڕۆش هەمان مامەڵە تاقی دەکرێتەوە."
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی رووی دەمی لە دەسەڵات و راگەیاند: "مافی ئەوەتان نییە نکۆڵی لە مرۆڤ، زمان، کولتوور و ناسنامەی کورد بکەن." 
 
رەخنەی تووندی لە پارێزگاری ئاگری گرت کە بووە هۆی دەستگیرکردنی شەش کچ و کوڕی کورد: "پارێزگاری ئاگری لە روونکردنەوەیەکدا چی نوسیووە؟ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شەش ئەندامی پەکەکە لەناو ئاهەنگێکدا پەسنی سەردەستەی تیرۆریان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی بەڵگە فەرمییەکانی دادگەی دەستوور، ئەنجوومەنی دادوەری، دادگەی مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا سەلماندوویەتی ئەم هۆنراوەیە و هاوشێوەکانیان فاکتەری تاوان نین." 
 
سێ گەنج گوایە بانگەشەیان پەکەکە/کەجەکە کردووە، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماریی دەستگیرکراون و چوار کەسیان هەڵاتوون. لە بەشێکی دیکەی نوسراوی پارێزگار هاتووە، هەرگیز رێگە بە چالاکییەک نادەین ببێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی نیشتمان و تا لەناوبردنی دوایین تیرۆریست، لە خەبات بەردەوام دەبین. 
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەپرسێت: "کێن ئەوانەی دەستگیرکراون؟ چەند مێرمنداڵێکی کوردن! لە کوێ؟ لە کەنار دەریا کاتێک هەڵپەڕکێیان کردووە. ئەوانی دیکە لە کوێ بوون؟ لە هۆڵی بۆنەکان لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەدا. کە دەڵێن بە چاوی دوژمن سەیرمان دەکەن، مەبەستمان ئەوەیە."
 
سڕی ساکیک بە پارێزگاری ئاگری دەڵێت: "با پارێزگار ئەمە باش بزانێت، تۆ بە کاتی لەم پۆستەدایت، بەڵام ئەم خەڵکە، ئەم گۆڤەندە و ئەم کولتوورە، موڵکی خاوەنە راستەقینە دێرینەکەیەتی و بۆ هەتایە لەوێیە و لەوێش دەمێنیتەوە. شایی و هەڵپەڕکێمان تاهەتایە بەردەوام دەبێت. بەهۆی ئەم کولتوورەمانەوە باجی قورس دەدەین." 
 
داواشی لە وەزیری ناوخۆ کرد پارێزگاری ئاگری لەکارلابدات: "ئەگەر ویژدانت هەبێت و کەمێک رێز لە یاسا بگریت، ئەو پارێزگارەی کە دوژمنی کوردە لە پۆستەکەی دوور دەخەیتەوە. کەسێک هێندە دژایەتی کورد بکات، لە ناوچە کوردییەکان شوێنی نابێتەوە." 
 
داوایەکیشی ئاراستەی هەموو کوردێک کرد و گوتی: "لە تورکیا و کوردستان، لە کەنەدا و هەموو جیهان، هەر کەس و لەشوێنی خۆی شایی و هەڵپەڕکێ بکات و خاوەنداری کولتوورتان بکەن. لەناو جەرگەی ئیستەنبووڵ و لە هەموو شوێنێکدا دەست پێبکەن. هەموو کەسێک بانگهێشتی شایی و گۆڤەندەکانتان بکەن."