ئەردۆغان دەڵێت پەکەکەیان لە سنوورەکانیان زۆر دوورخستووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، توانیویانە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە خاکی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پەکەکە زۆر لە سنووری وڵاتەکەیان دووربخەنەوە. دەشڵێت، بۆشاییەکانی نێو ئەو بازنە ئەمنییەی لە رۆژئاوای کوردستان دروستیانکردووە لە کاتی خۆیدا تەواوی دەکەن. 
 
شەوی رابردوو 27ـی تەممووزی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ کردنەوەی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری، سەردانی پارێزگای ریزەی لە هەرێمی دەریای رەش کرد و لەوێ گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئەردۆغان، باسی لە پیشەسازیی بەرگریی کرد و رایگەیاند، پێش دەسەڵاتی ئاکپارتی، 80٪ـی چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازیی سوپای تورکیا بیانی و هاوردەکراو بوو. ئێستا پێچەوانە بووەتەوە 80٪ـی چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازیی بەرهەمی خۆماڵییە و تەنیا 20٪ـی هاوردەیە. 
 
بە گوتەی ئەردۆغان، ساڵی رابردوو بە بەهای 5.5 ملیار دۆلار، درۆن و تەکنۆلۆژیای سەربازییان هەناردە کردووە. 
 
ئەردۆغان باسی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا کرد و گوتی "لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سوپاس بۆ خوا لە قۆناخێکی باشداین. بە رێژەیەکی بەرچاو کۆتاییمان بە رێکخراوی تیرۆریستی لەنێو سنووری وڵاتەکەمان هێناوە. لە دەرەوەی سنوورەکانیشماندا رێگە بە تیرۆریستان نادەین هەناسە بدەن. لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ کە لە باکووری عێراق بەڕێوەی دەبەین، تیرۆریستە جوداخوازەکانمان زۆر لە سنوورەکانمان دوورخستەوە." 
 
ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
 
لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش، ئەرۆغان گوتی "پێشتریش لە ئۆپەراسیۆنەکانی سووریادا هەمان کارمان کرد و تێیدا سەرکەوتوو بووین. لە گۆڕەپانی سووریاشدا ئەو کەموکوڕی و بۆشاییەی لەو بازنە ئەمنیەی دروستمانکردووە ماوە، لە کات و ساتی خۆیدا پشت بەخوا تەواوی دەکەین."