لە ئاهەنگێکی ئیستەنبووڵ 15 کەس بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ

لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە ناوچەی ئەسەنیوڕتی زۆرینە کوردنیشینی ئیستەنبووڵ، 15 کەس لە بەشداربووان بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستگیرکران.
 
پۆلیس و تیمەکانی هەواڵگری ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر ئەو بەشداربووانە دەستپێکرد کە گرتەی ڤیدیۆییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرابووەوە. 
گوایە ئەوان بانگەشەیان بۆ پەکەکە کردووە. 
 
ئاهەنگەکە لە ناوچەی ئەسەنیوڕت بەڕێوەچووە و دواتریش گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە. بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیس، لەو ئاهەنگەدا گۆرانیی تایبەت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە لێدراوە و شایی لەگەڵ دا کراوە.
 
پۆلیس لە ناوچەکانی غازی ئەسەنیوڕت، عوسمان پاشا و ئارناڤوتکۆی ئەو 15 کەسەیان دەستگیرکرد و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە.
 
دەستگیرکردنی ئەو 15 کەسە تەنیا رووداو نییە، لە رۆژی 21ـی ئەم مانگەش نۆ گەنجی دیکە کە لە کەناراوێکی مێرسینی تورکیا لەکاتی شایی و هەڵپەڕکێدا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان گوتبووەوە، دەستگیرکران. ئەو بابەتەش لە تورکیا بووەتە رۆژەڤ و کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.