هاوسەرۆکی هەدەپە: پێویستە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوای دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بکەن

28-07-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە پێویستی دەزانێت بەر لە هاتنی وادەی هەڵبژاردن، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببنەوە.
 
بەهۆی ئەوەی لە تورکیادا دوو هاوپەیمانیی سەرەکیی رکابەر هەن و هەدەپەش کە خاوەنی نزیکەی 6 ملیۆن دەنگە لە دەرەوەی ئەو دوو بەرەیەدایە، بە پارتی یەکلاکەرەوە ناودەبرێت. هەندێکجاریش پێیدەگوترێت پارتی قوفڵ. لەو بارەوە سانجار دەڵێت: "ئێمە پارتی کلیلین نەک قوفڵ".
 
هاوسەرۆکی هەدەپە باسی لە بوونی چەند کێشەیەکی ئاڵۆزی چەقبەستوو لە تورکیا کرد و جەختیکردەوە کە دۆخی ئابووریی وڵات یەکێک لە قەیرانە سەختەکانە و پێویستە رێگەیەکی دەرچوون لەم هەموو ئاریشەیە بدۆزرێتەوە.
 
لەبارەی چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، سانجار گوتی: "پێویستە بگەینە ئاستێکی وەها بتوانین کێشەکان ببینین و ناویان لێ بنێین. هەروەها بتوانرێت سەرچاوەی کێشەکان دەستنیشان بکرێت و بوێری نیشان بدرێت. جگە لەوەش ئەگەر ئێمە ئەم دەسەڵاتە بە سەرچاوەی هەموو کێشەکان دەبینین، پێویستە جێگرەوەمان بۆ هەبێت".
 
سانجار باسی لەوە کرد زۆر جیددیانەتر کار بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی دەنگەکانیان دەکەن و رایگەیاند: "ئێستا رێژەی دەنگەکانمان لە 15٪ نزیکدەبێتەوە، بەڵام لە دۆخی ئاساییدا رێژەی دەنگەکانی هەدەپە بریتییە لە 20٪، لە داهاتووشدا لەگەڵ کوتلە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هەر لە پەیوەندیدا دەبین". گوتیشی، جگە لە ئیی پارتی لەگەڵ پارتەکانی دیکەدا پەیوەندییان هەیە.
 
هاوسەرۆکی هەدەپە بە پێویستی دەزانێت پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوای دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بکەن و گوتی: "پێویستە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە ئاکەپە بڵێن؛ ئێوە لەگەڵ ئۆجەلان دیدار دەکەن و ئێمەش دەمانەوێ دیدار بکەین. واتا ئۆپۆزیسیۆن پێویستە داوای دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بکات. دواجار هەمووان پەی بە گرنگیی رۆڵی ئۆجەلان دەبەن. لەنێوبردنی ئەم راستییە سوودی بۆ هیچ کەسێک نییە".
 
هەدەپە کە لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە سکاڵانامەی لەسەر تۆمارکراوە و هەوڵی داخستنی دەدرێت، سێیەمین گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە.
 
ئەو پارتە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، 67 کورسیی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە