لە رووها کۆنگرەی نێودەوڵەتیی 'سەردەمی چاخی بەردینی نوێ' بەڕێوەدەچێت

28-06-2024
هەوار ئیسماعیل
ناوچەیەکی شوێنەواریی رووها
ناوچەیەکی شوێنەواریی رووها
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرەی نێودەوڵەتیی سەردەمی بەردینە نوێیەکان لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 بە بەشداریی شوێنەوارناس و شارەزایانی بەنێوبانگی جیهانی لە رووهای باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
گردە مێژووییەکانی رووها بە پڕۆژەی "گردە بەردینەکان" دەناسێنرێن. لەو پارێزگایەدا 12 گردی مێژوویی هەن، کە لە یەکدی نزیکن. یەکێکیان "گرێ مرازا"یە و بە کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ ناسراوە.
 
گۆکهان یازگی، بریکاری وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا دەڵێت، "پڕۆژەی گردە بەردینەکان، پڕۆژەیەکە کە هەموو جیهان لە نزیکەوە چاوی لەسەرە. لە هیچ شوێنێکی دیکە لە جیهاندا کارێک لەو ئاستەدا نییە. وڵات و ناوچەیەکی دیکە نییە. لە مانگی تشرینی دووەمدا لە رووها کۆنگرەی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ رێکدەخەین. میوانداریی هەموو پسپۆڕان و زانایانی گرنگی جیهان دەکەین و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە کارێکی چەندە گرنگ دەکرێت."
 
رووها دەوڵەمەندە بە شوێنەوار؛ ساڵانە سەتان هەزار کەس وەکو گەشتیاری ئایینی سەردانی ئەو پارێزگایە دەکەن. مزگەوتی گەورەی حەڕڕان کە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆیە، نۆژەنکراوەتەوە و بەمنزیکانە بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.
 
محەممەد ئۆناڵ، بەرپرسی بەشی شوێنەوارناسی لە زانکۆی حەڕڕان دەڵێت، "نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی حەڕڕان تەواو بووە. رێگەی گەشتیاری دروستکرا. تابلۆکانی ئاگاداری ئامادە کراون و هەڵواسراون. تەنیا بڕینی قردێلە و هاتنی گەشتیاران ماوە. بەیەکگەیاندنی گەشتیاران و دەوڵەمەندیی نەخشەکانی بەردە تەلارسازییەکانی مزگەوتی گەورەی حەڕڕان پلانسازیی بۆ دەکرێت."
 
شوێنەواری گرێ مرازا لە رووها، مێژووەکەی بۆ 12 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاوشانی شوێنە مێژووییەکانی دیکە سەرنجی مرۆڤایەتیی بۆلای خۆی رادەکێشێت.
 
دوایینجار لە گوندی "سێدەرییێ" گردی مێژوویی قوچا کەچلێ دۆزرایەوە، کە هاومێژووە لەگەڵ گرێ مرازا. جگە لە گرێ مرازا، گەشتیاران زیاتر سەردانی گۆلی ماسی و شارۆچکەی حەڕڕان دەکەن، کە بە خانووە قوڕینەکان و گومبەزە بەنێوبانگەکانی لە شارۆچکەی خەلفەتی دەچن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە