لە باکووری کوردستان و تورکیا 5 هەزار کەس لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

قەسابێک کە لە پارێزگای کایسەریی تورکیا لەکاتی سەربڕین و کەوڵکردنی ئاژەڵدا دەستی خۆی بڕیوە قسە دەکات و، دەڵێ "ئاژەڵی گەورە بوو، سەرمان بڕیبوو و کارەکەمان تەواوببوو، لە ناکاو بە هەڵە ساتوورەکە بە دەستم کەوت و بڕی".
 
قەسابێکی دیکە کە بەهەمان شێوە برینداربووە، دەڵێ "ئاژەڵەکەم سەر بڕی، لەوکاتەی ویستم کەوڵی بکەم، پەلی کوتا و چەقۆکە بە دەستم کەوت".
 
هەرچەندە بەشێکیان خۆیان بە قەساب دەزانن و دەڵێن ئەزموونی ساڵانێکیان هەیە، بەڵام زۆربەی خەڵک ئەو قەسابانە بە نەشارەزا ناودەبەن کە خۆیان بریندار دەکەن. 
 
وەهبی چەتین، هاووڵاتییەکە، کە ئەویش یەکێکی دیکەیە لە قوربانییەکانی نەشارەزایی لە بەکارهێنانی چەقۆ، دەڵێ "بەرانەکەمان پاڵخست، رێک لەوکاتەی ویستم سەری ببڕم، چەقۆکە کەوت و بە قاچم کەوت". 
 
ساڵانە لە کاتی جەژنی قورباندا ئەوانەی خۆیان بریندار دەکەن، دەبنە رۆژەڤ. بەگوێرەی ئاماری نەخۆشخانەکان لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە باکووری کوردستان و تورکیا، نزیکەی پێنج هەزار کەس لەکاتی سەربڕین یان کەوڵکردنی ئاژەڵی قوربانی، بریندار بوون.