کڵچدارئۆغڵو: ئەگەر دەمیرتاش لە دەرەوە بووایە کۆتایی بە رووداوەکانی تیرۆر دەهێنا


رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کرد و لە گرتووخانەی ئەدیرنە لەگەڵیدا کۆبووەوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری رایگەیاند، "دەمیرتاش لە نزیکەوە چاودێریی سیاسەتی تورکیا و جیهان دەکات."
 
سەردانەکەی کڵچدارئۆغڵو بۆ لای دەمیرتاش ئەمڕۆ سێشەممە بوو. ئەو وەڵامی پرسیاری راوین ستێرک، پەیامنێری رووداوی دایەوە و گوتی: "باسمان لە سیاسەتی تورکیا کرد و پێشهاتی وڵاتانی دراوسێشمان خستە بەر باس، بەڕێز دەمیرتاش، پێشەنگی سیاسەتی سڤیلە. حەزدەکات هەمووان لە تورکیا بە ئاسوودەی و بەختەوەری بژین."
 
سەرۆکی پێشووی جەهەپە لەبارەی ئەو سزای زیندانییەی بۆ دەمیرتاش دەرکراوە، گوتی: "دەمیرتاش، ئەگەر لە دەرەوە بووایە، بەردەم سیاسەتی سڤیل زۆر باشتر واڵا دەبوو و دڵنیاشم کۆتایی بە رووداوەکانی تیرۆر دەهێنا. هەر بۆیە هەرگیز دەستبەسەرکرانی بەڕێز دەمیرتاش بە راست نازانم."
 
کڵچدارئۆغڵو رەتیکردەوە هیچ کەسێک لەسەر بیروبۆچوونی تایبەت بە خۆی، بخرێتە زیندان و سزا بدرێت. هەروەها جەختیکردەوە کە مەرجی بنەڕەتی ئاسایی بوونەوەی تورکیا، "بە دیموکراسیبوونی ئەو وڵاتەیە."
 
رۆژی (16ـی ئایاری 2024) 84ـەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردنی 108 تۆمەتبار لە دۆسیەی کۆبانێ کە 18 کەسیان لە زیندانن لەلایەن 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا دەستەی دادوەران بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنووسی تۆمەتباران دا و بڕیاری سزاکانیان لە دژی تەواوی تۆمەتبارەکان خوێندەوە کە لە 130 لاپەڕە پوخت کرابووەوە.
 
قورسترین سزا بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەدا سەپێنرا کە 42 ساڵ زیندانیکردنە.