رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ ئەو پۆستە دەڵێت، دەنگدان بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و لە ماوەیەکی کورتیشدا کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-5-2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ ئەو پۆستە لە ئیستەنبووڵ دەنگی دا و دواتر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، بە هۆکاری ئەوەی هەڵبژاردنەکە تەنیا سەرۆکایەتییە، خێرا بەڕێوەدەچێت و پێشبینی ئەوەیشی کرد زوو کۆتایی بێت.
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند، خەڵک جۆش و خرۆشێکی گەورەی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە و ئاماژەی بەوەشکرد، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا نزیکەی 90٪ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشداریانکرد و رایگەیاند، لە کەم وڵاتی جیهاندا ئەو رێژە بەرزە تۆمار دەکرێت؟
سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە دەنگدەران کرد بەشداری لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا بکەن و گوتی، ئەو چاوەڕوانییەی هەیە کە ئەمڕۆش ئەو رێژە بەرزەی دەنگدان تۆماربکرێت.
هەر ئەمڕۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت لە ئەنقەرە دەنگی دا و داوای لە دەنگدەران کرد بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن.
کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد کە سەرکەوتنی لەم گەڕەی هەڵبژاردندا دەبێتە هۆی ئەوەی قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەست پێ بکات؛ قۆناخێک دوور لە "گوشار" و قۆناخی "گەڕاندنەوەی ئازادی و دیموکراسیی راستەقینە بۆ نیشتمان".
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەکان؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪ی دەنگەکان؛ سینان ئۆغان 5.17٪ی دەنگەکان و موحەڕەم ئینجە 0.43٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
بەهۆی ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکان 50+1٪ی دەنگەکانیان نەبردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کەوتە گەڕی دووەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ