28-05-2023
01:57
ئەردۆغان: دەمیرتاش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 51 برای کوردم
رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوژینەکەی. وێنە: AA
لە گوتارێکیدا بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رووی دەمی کردە کەمال کڵچدارئۆغڵو و باسی لەوە کرد کە ئەو ناتوانێت سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندان ئازاد بکات.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامی بەرایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئێوارەی یەکشەممە 28-5-2023 لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێشکرد و دواتریش گەڕایەوە بۆ ئەنقەرە و لە کۆشکی بێشتەپە گوتاری سەرکەوتنی پێشکێشکرد. ئەردۆغان رایگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان دەردەکەوێت کە خەڵک دووبارە بۆ ماوەی 5 ساڵ متمانەیان پێ بەخشیوە وەکو سەرۆککۆمار لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە. ئەردۆغان سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە دەنگیان پێیداوە.
ئەردۆغان بێ ئەوەی ناوی بهێنێت رووی دەمی کردە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و باسی لە هەوڵەکانی ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی کرد و گوتی: "دەیگوت ئەگەر دەتانەوێت سێلۆ لە زیندان دەربچێت، دەنگ بە من بدەن. ئایا گەلی ئازیزی من چی گوت؟ چونکە گەلەکەی من باش ئەمە دەزانێت کە ئەو کەسەی لە دیاربەکر بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی 51 برای کوردم، ئەو سێلۆ تیرۆریستە بوو."
ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەواندا زۆر ئەستەمە دەمیرتاش بەوجۆرە و بە ویستی ئەوان، لە زیندان دەربچێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە چوارچێوەی ''لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر'' لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانیکراوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا پێشتر لە رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2018دا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کردبوو و داواکارییەکەشی چەند جارێک دووپاتکردووەتەوە، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نابێت.
دەقی بەشێک لە گوتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
دەیگوت ئەگەر دەتانەوێ سێلۆ لە زیندان دەربچێت، دەنگ بە من بدەن. ئایا گەلی ئازیزی من چی گوت؟ چونکە گەلەکەی من باش ئەمە دەزانێت کە ئەو کەسەی لە دیاربەکر بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی 51 برای کوردم، ئەو سێلۆ تیرۆریستە بوو. لە تورکیادا لە دادپەروەری، ماف و یاسا سەروەرن، تۆ ناتوانیت سێلۆ بە هەوەسی خۆت دەربهینیت کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 51 برای کوردم. بەتایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێمەدا روودانی شتێکی وەها رێگەی تێناچێت.
00:40
یەسەپە: ئەنجامەکان پێشانیدەدەن کە نیوەی خەڵکی تورکیا گۆڕانکارییان دەوێت
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی یەسەپە.
یەسەپە دەڵێت، ئەنجامەکان پێشانیدەدەن کە نیوەی خەڵکی تورکیا گۆڕانکارییان دەوێت و رایدەگەیێنێت، لە پارێزگا کوردنشینەکاندا "هەروەکو 14ی ئایار" دەنگ بە كڵچدارئۆغڵو دراوە.
درەنگانێکی شەوی یەکشەممە، 28ـی ئایاری 2023، هەریەکە لە میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە؛ چیدەم کڵچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاکن، هاوگوتەبێژانی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد و رایانگەیاند، "ئەنجامەکان بەڕوونی ئەوە دەردەخەن کە لە هەر دوو کەسێک لەم وڵاتەدا یەکێکیان خواستی گۆڕانکاریی هەیە، بۆیە ئەرکی سەرەکیی سیاسەتی تورکیا گۆڕینی سیستمی ئێستایە، کە دیارە بلۆک کراوە. ئەوەش دەبێتە هۆی جەمسەرگیری کۆمەڵگە و لەنێوبردنی بنەمای دیموکراسی."
ئیبراهیم ئاکن، لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا لەدوای یەکلاییبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئێمە لێرەین. ئێمە بەردەوام دەبین لە سەرکردایەتیکردنی خەباتی دیموکراسی بۆ گۆڕانکاری چ لە پەرلەمان و چ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. روو لەم رێبازە وەرناگێڕین، پێکەوە لەسەر بنەمای کۆمەڵگە دەجەنگین. پێکەوە سەردەکەوین."
بەپێی دوایین ئاماری جیاکردنەوەی دەنگەکان، 99.1٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، 52.07٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو ٪47.93ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. بەوشێوەیە ئەردۆغان خولێکی دیکەش سەرۆککۆماری تورکیا دەبێت.
هاوگوتەبێژی یەسەپە باسی لەوەشکرد، "ئێمە هەڵبژاردنێکی دادپەروەر و نایەکسانمان هەبوو کە لە ژێر هەلومەرجی ستەمکارانەی رژێمی تاکە کەسیدا روویدا.بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور، ئەردۆغان، هەموو ئامرازێک و ئامرازەکانی دەوڵەتی بەبێ سنوور بەکارهێناوە. ئەو دەستکاریکردن [لە ئەنجامەکاندا] و زانیارییە ناڕاستانەی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاودەکرێنەوە و ڤیدیۆ مۆنتاژکراوەکان هەندێک لە نموونە هەرە دیارەکانن کە بە روونی پێشانیدەدەن هەڵبژاردنەکان دادپەروەرانە نین."
ئاکن ئاماژەی بەوەشکرد کە، "دەنگدەرانی ئێمە بەبڕیارەوە سیاسەت و ئامانجەکانی پارتەکەمانیان لە باوەش گرتووە، و بە توندی ئیرادەی خۆیان بەو ئاراستەیە نیشانداوە. دەنگدان بەکەمال کڵچدارئۆغڵو لەو 16 پارێزگایەی کە کورد بە چڕی تێیدا نیشتەجێن، هەروەک 14ی ئایار بووە. سەرەڕای ئەو هەموو گوشار و پڕوپاگەندەی بۆگەن، گەلەکەمان هەنگاوێکی بۆ دواوە نەبرد."
00:24
سەلاحەدین بەهائەدین لەبارەی سەرکەوتنی ئەردۆغان: هیوادارم ببێتە هۆی سەقامگیریی تورکیا
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
سەلاحەدین بەهائەدین پیرۆزبایی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا.
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بۆ خولێکی دیکەی پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بە "رووداویکی گرنگ و سەرەتای سەدەیەکی نوێی تورکیا و ناوچەکە" ناودەبات.
سەلاحەدین بەهائەدین هیوادارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان ببێتە هۆی "سەرکەوتنی گەلانی تورکیا و سەقامگیریی ئەو وڵاتە و ناوچەکەی" لێبکەوێتەوە.
هەروەها ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی هیوادارە "کێشەکان چارەسەر" بکرێن.
سەلاحەدین بەهائەدین سەرنج دەخاتە سەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تورکیا و دەڵێت: رێکوپێکی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە جێگەی سەرنج و عیبرەتە.
22:46
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا پیرۆزبایی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئەردۆغان دەڵێت: هیوادارم لەم خولەی سەرۆکایەتییەکەتدا، زیاتر برەو بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بدەین.
22:25
نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی سەرکەوتن لە ئەردۆغان دەکات
وێنەیەکی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بەبۆنەی بوونەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا.
نێچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغان دەڵێت، "چاوم لەوەیە لە کارکردنی بەیەکەوە بەردەوام بین بۆ ئەوەی زیاتر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا بەرەو پێشەوە ببەین."
20:00
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور جارێکی دیکە بە سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە و لەبەردەم ئاپۆڕای جەماوەرەکەیدا لە ئیستەنبووڵ گوتی: سەرکەوتین.
بەپێی دوایین ئاماری جیاکردنەوەی دەنگەکان، 99.1٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، 52.07٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو 47.93%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. بەوشێوەیە ئەردۆغان خولێکی دیکەش سەرۆککۆماری تورکیا دەبێت.
وەک رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت: لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا تورکیا براوەیە، ئێمە پێکەوە خەونی هەموو چین و توێژەکانی میللەتەکەمانمان بەدیهێنا.
ئەردۆغان گوتیشی، "گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارمان تەواو کرد، دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ میللەتەکەم دەرببڕم، کە لە نێوان دوو جەژندا جەژنی دیموکراسییان پێبەخشین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "سوپاسی هەموو هاووڵاتییانم دەکەم کە بە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئیرادەی خۆیان بۆ داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان نیشان دا، براوە تەنها تورکیایە، ئێمە پێکەوە خەونی هەموو چین و توێژەکانی میللەتەکەمانمان بەدیهێنا."
19:49
ژمارەی دەنگەکانی ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی 97%ـی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، ئەردۆغان 26.6 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە و کڵچدارئۆغڵوش 24.3 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەو دەنگانە بێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان 52.1%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش 47.8%ی دەنگەکان.
19:31
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە کۆمیسیۆنی تورکیاوە
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی بەرایی 64%ـی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و ئەردۆغان لەپێشە.
بەگوێرەی ئەو دەنگانەی جیاکراونەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان تائێستا %54.47ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش %45.53ی دەنگەکان.
19:17
میدیای نزیک لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا: ئەردۆغان لەپێشە
میدیای نزیک لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی 89.8%ی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، کەمال کڵچدارئۆغڵو 49.24% و ئەردۆغانیش 50.7% دەنگەکانیان هێناوە.
وەک میدیای نزیک لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان 24.6 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە و کڵچدارئۆغڵوش 23.8 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.
19:02
ئەنجامی بەرایی 89%ـی دەنگە جیاکراوەکانی هەڵبژاردنی تورکیا
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی 89.8%ی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تائێستا 52.7%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش 47.2%ی دەنگەکان.
ئەردۆغان 24.6 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە و کڵچدارئۆغڵوش 22.1 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.
لە بەرامبەردا میدیای ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دەڵێت، کەمال کڵچدارئۆغڵو 49.33% و ئەردۆغانیش 50.67% دەنگەکانیان هێناوە.
18:35
ئەنجامی بەرایی 66%ـی دەنگە جیاکراوەکانی هەڵبژاردنی تورکیا
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی 66.7%ی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تائێستا 54.78%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش 45.22%ی دەنگەکان.
18:23
ئەنجامی نیوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی 55.1%ی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تائێستا 55.8%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش 44.2%ی دەنگەکان.
18:17
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی 42%ی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەپێشە و تائێستا 58%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش 42%ی دەنگەکان.
18:13
ئەنجامی بەرایی 36%ی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا
ئەنجامی بەرایی 36%ی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکرایەوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان لەپێشە و تائێستا 57.95%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش 42.02%ی دەنگەکان.
زیاتر بخوێنەوە
18:07
یەکەم ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە تورکیاوە گەیشت
ئەنجامی بەرایی 28%ی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکرایەوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان 59.21%ی دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغڵو 40.79%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
زیاتر بخوێنەوە
17:40
لە یەکەم پەیامیدا دوای تەواوبوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان داوا دەکات سندووقەکانی دەنگدان بپارێزرێن.
هەروەها بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور داوا دەکات رێز لە ئیرادەی خەڵکی تورکیا بگیرێت.
17:21
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا: دەنگدان بەبێ هیچ کێشەیەک کۆتاییهات
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەبێ هیچ کێشەیەک کۆتاییهاتووە.
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، هیچ دۆخێکی نەرێنی نەبووە کە کاریگەریی لەسەر پرۆسەی دەنگدان هەبووبێت.
17:01
سندووقەکانی دەنگدان لە تورکیا داخران
سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا داخران و کەمێکی دیکە دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 28-05-2023 کاژێر 08:00 دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا دەستیپێکرد. رکابەرییەکە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەتە و کاژێر 17:00 سندووقەکانی دەنگدان داخران و پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتاییهات.
12:42
ئەردۆغان: لە کەم وڵاتی جیهاندا بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا وەک تورکیایە؟
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ ئەو پۆستە. وێنە: AA
سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ ئەو پۆستە دەڵێت، دەنگدان بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و لە ماوەیەکی کورتیشدا کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-5-2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ ئەو پۆستە لە ئیستەنبووڵ دەنگی دا و دواتر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، بە هۆکاری ئەوەی هەڵبژاردنەکە تەنیا سەرۆکایەتییە، خێرا بەڕێوەدەچێت و پێشبینی ئەوەیشی کرد زوو کۆتایی بێت.
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند، خەڵک جۆش و خرۆشێکی گەورەی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە و ئاماژەی بەوەشکرد، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا نزیکەی 90٪ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشداریانکرد و رایگەیاند، لە کەم وڵاتی جیهاندا ئەو رێژە بەرزە تۆمار دەکرێت؟
سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە دەنگدەران کرد بەشداری لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا بکەن و گوتی، ئەو چاوەڕوانییەی هەیە کە ئەمڕۆش ئەو رێژە بەرزەی دەنگدان تۆماربکرێت.
هەر ئەمڕۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت لە ئەنقەرە دەنگی دا و داوای لە دەنگدەران کرد بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن.
کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد کە سەرکەوتنی لەم گەڕەی هەڵبژاردندا دەبێتە هۆی ئەوەی قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەست پێ بکات؛ قۆناخێک دوور لە "گوشار" و قۆناخی "گەڕاندنەوەی ئازادی و دیموکراسیی راستەقینە بۆ نیشتمان".
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەکان؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪ی دەنگەکان؛ سینان ئۆغان 5.17٪ی دەنگەکان و موحەڕەم ئینجە 0.43٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
بەهۆی ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکان 50+1٪ی دەنگەکانیان نەبردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کەوتە گەڕی دووەم.
زیاتر بخوێنەوە
11:26
وەزیری دەرەوەی تورکیا: یەکەم جارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بچێتە گەڕی دووەم
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا. وێنە: AA
وەزیری دەروەی تورکیا دەڵێت، دوو هەفتە پێش ئێستا گەل بڕیاریدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بکەوێتە گەڕی دووەم، بەر لە سیستمی سەرۆکایەتی و هەمواری دەستوور، ماددەیەکی وەها لە ئارادا نەبوو، ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ گەڕی دووەم دوابخرێت.
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "هەردوو بەربژێری سەرۆککۆمار چالاکیی زۆریان کرد. گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، گەلی تورکیا وانەیەکی دیموکراسیی پێشکێشی هەموو جیهانی کرد. گەلی تورک خوازیاری دیموکراسییە و گەڕی یەکەم کەرنەڤاڵێکی دیموکراسی بوو؛ هیوادارم گەڕی دووەمیش بەهەمان شێوە ببێتە کەرنەڤاڵی دیموکراسی."
11:12
دوای دەنگدانی لە یەکێک لە وێستگەکانی دەنگدان، میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە دەنگدەران کرد بچەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و گوتی "ئەم هەڵبژاردنە مێژووییە".
سانجار هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بە هەڵبژاردنێکی مێژوویی ناوبرد و گوتی، بەگوێرەی زانیاری و بەدواداچوونەکانیان، بەشداریی دەنگدان لە ئاستێکی بەرزدایە.
لە وەڵامی پرسیارێکی شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو، هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی "رێژەی بەشداری بەرزە و بەگوێرەی کات، بەشداربوون زیاتر دەبێ. لەم هەڵبژاردنەدا پسوولەیەک هەیە تەنیا وێنەی دوو بەربژێری لەسەرە و هاووڵاتی زۆر ناوەستێ؛ لە کاژێرەکانی داهاتوودا خەڵکی زیاتر دەنگ دەدەن".
هاوسەرۆکی هەدەپە لە رێگەی رووداوەوە داوای لە هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان و تورکیا کرد، بچنە سەر سندووقەکان و گوتی: "دەنگی خۆتان بۆ رۆژی رووناک بەکاربهێنن".
میتحەت سانجار گوتی "ئەم هەڵبژاردنە مێژووییە؛ تورکیا بە قەیرانێکدا تێدەپەڕێت و بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە دەبێ دەنگی خۆمان بەکاربهێنین و خاوەنداریش لە دەنگەکان بکەین". گوتیشی، هەڵبژاردنەکە بۆ دواڕۆژێکی رووناکە و پاراستنی دەنگەکان هێندەی دەنگدان گرنگە."
زیاتر بخوێنەوە
10:38
زانیارییەکان لەم هەڵبژاردنەشدا، لای پەیامنێرانی رووداون
بۆ رووماڵی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا تۆڕی پەیامنێرانی رووداو سات بە سات دیمەنەکان دەگوازنەوە:
10:32
بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا لە بنکەیەکی دەنگدان لە شاری رووهای باکووری کوردستان دەنگی دا، دوای دەنگدانەکەشی بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەمڕۆ لەم قوتابخانەیەی شارۆچکەی خەلیلییە لە ئورفا لەپێناو ئاوەدانی و سەقامگیری و ئارامی نیشتمان، دەنگم دا. ئەوەی مایەی سەرنجە، لە ساتی کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدانەوە هاووڵاتییان بە پەرۆشەوە دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و سوپاس بۆ خودا تاوەکو ئەم ساتە هیچ کێشەیەک لە ئورفا و شارەکانی دیکەی تورکیا رووینەداوە".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، وەزیری دادی تورکیا باسی لەوە کرد "پێموایە ئەمڕۆ بەشداربوون بەراورد بە هەڵبژاردنی 14ـی مانگ زیاتر دەبێت. بۆیە بانگهێشتی هاووڵاتییان دەکەم دەنگ بدەن و ویستی گەل و سیاسیی خۆیان بخەنە ناو سندووقی دەنگدان. هەر دەنگێک بەهای خۆی هەیە و لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا گەل خاوەن بڕیارە و هەڵبژاردن میکانیزمێکی گرنگی دیموکراسییە. ئینشاڵڵا هاووڵاتییان درێخی ناکەن و دەنگی خۆیان دەدەن و بڕیار لە داهاتووی وڵات دەدەن".
09:07
وەزیری ناوخۆی تورکیا: 601 هەزار کارمەند و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدان
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەدوای دەنگدانی، رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆ گەڕی دووەمە و تەنیا بۆ سەرۆککۆمارە، هەڵبژاردنەکە بەپەلە و بێ کێشە بەڕێوەدەچێت".
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، زیاتر لە 60 ملیۆن دەنگدەر لە تورکیا و باکووری کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە و بۆ دەنگدانیشیان زیاتر لە 191 هەزار سندووق دانراون. ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ پاراستنی ئاسایشی سندووقەکان 601 هەزار فەرمانبەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدان.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەو ناوچانە کرد، کە لە شوباتی ئەمساڵدا بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی گەورەیان بەرکەوت و گوتی، "هەزار و 158 سندووق لەو ناوچانەدا دانراون بۆ ئەوەی خەڵکەکە لە شوێنی خۆیاندا دەنگ بدەن".
زیاتر بخوێنەوە
07:42
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ئەنجامی دەنگەکانی نزیکەی 98٪ـی سندووقەکان رابگەیێندرێت
ناوەندەکانی دەنگدان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە باکووری کوردستان تورکیا کاژێر 17:00ـی ئەمڕۆ دادەخرێن. کاژێر 18:00ـی ئەمڕۆ قەدەخەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت و دوای ئەوە ئەنجامی بەرایی لەگەڵ کردنەوەی سندووقەکانی دەنگدان بڵاودەکرێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ دەنگی نزیکەی 98٪ـی سندووقەکان رابگەیێندرێت و دوای 48 کاژێر، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی بڵاوبکاتەوە.
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی تورکیا، پێویستە بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمار 50+1٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. لە ئەگەری نەگەیشتنی دەنگی هیچکام لە بەربژێرەکان بۆ ئەو رێژەیە، هەڵبژاردن دەچێتە گەڕی دووەم و مەرجە لەماوەی 15 رۆژدا هەڵبژاردنەکە بکرێت. لە گەڕی دووەمدا واتا لەمەی ئەمڕۆ، بەربەستی 50+1٪ نامێنێت و رکابەرایەتی لەنێوان دوو بەهێزترین بەربژێر دەکرێت کە دەنگی یەکەم و دووەمیان لە گەڕی یەکەم بەدەستهێناوە و هەر کامیان زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری تورکیا.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪ی دەنگەکان، سینان ئۆغان 5.17٪ی دەنگەکان موحەڕەم ئینجە 0.43٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. بەهۆی ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکان 50+1٪ی دەنگەکانیان نەبردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کەوتە گەڕی دووەم.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گەڕی یەکەم، دەستی بە چاپکردنی پسوولەی نوێی دەنگدان کرد کە تەنیا وێنەی ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو لەسەرە. پسوولەکان رۆژی 18ـی مانگ گەیێندرانە 156 باڵیۆزخانە و کۆنسوڵگەرییەکانی تورکیا لە 73 وڵاتی جیهان و دەروازە سنوورییەکان.
لە پرۆسەی دەنگدانی دەرەوە و دەروازە سنوورییەکاندا یەک ملیۆن و 912 هەزار و 687 کەس دەنگیانداوە. دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکاندا وەک هەڵبژاردنی گشتیی کاژێر 17:00ـی رۆژی 28ـی مانگ کۆتایی دێت، بەڵام لە دەرەوە کۆتایی هاتووە.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا 64 ملیۆن و 163 هەزار و 899 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 49 هەزار و 958 کەسیان یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە؛ لە زیندانەکاندا 53 هەزار و 172 کەس دەتوانن دەنگ بدەن.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا کە رۆژی 14ـی ئایار بەڕێوەچوو، 64 ملیۆن و 145 هەزار و 504 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. لەو ژمارەیە 55 ملیۆن و 833 هەزار و 153 کەس دەنگیان دا؛ 54 ملیۆن و 796 هەزار و 49 دەنگی پەسندکراو هەبوون؛ لە بەرامبەردا 1 ملیۆن و 37 هەزار و 104 دەنگی پووچەڵ تۆمارکران. رێژەی بەشداربوون 87.04٪ بوو.
لە دەرەوەی تورکیا 1 ملیۆن و 676 هەزار و 268 کەس و لە دەروازەکاندا 146 هەزار و 847 کەس دەنگیاندا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان 27 ملیۆن و 133 هەزار و 849 دەنگی بەدەستهێنا؛ لە نێوخۆی تورکیا 26 ملیۆن و 86 هەزار و 102 دەنگ و لە دەرەوەی تورکیا 967 هەزار و 180 دەنگ و لە دەروازەکاندا 80 هەزار و 567 دەنگ .
کەمال کڵچدارئۆغڵو 24 ملیۆن و 595 هەزار و 178 دەنگی بەدەستهێنا؛ لە نێوخۆی تورکیا 23 ملیۆن و 873 هەزار و 749 دەنگ؛ لە دەرەوەی تورکیا 665 هەزار و 111 دەنگ و لە دەروازەکان 56 هەزار و 318 دەنگ.
07:01
رووداو دیجیتاڵ
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (28-5-2023) دەستپێدەکات؛ رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جهموور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، کە هیچ کامیان لە گەڕی یەکەمدا نەیتوانیبوو 50 کۆ یەکی دەنگەکان بباتەوە.
بەگشتی زیاتر لە 60.6 ملیۆن کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان مافی دەنگدانیان لەو هەڵبژاردنەدا هەیە، کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رێژەی 49.5٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، لەبەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو رێژەی 44.8٪ـی دەنگەکانی بردبووەوە.
پرۆفایلی هەردوو بەربژێرەکەی سەرۆککۆماری تورکیا:
رەجەب تەیب ئەردۆغان
26ـی شوباتی 1956 لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە
بە رەچەڵەک خەڵکی پارێزگای ریزەیە
1981 بەشی ئابووری و زانستە بازرگانییەکانی لە ئیستەنبووڵ تەواوکردووە
1994-1998 سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بوو لەسەر لیستی پارتی رەفاهـ
14ـی ئابی 2001 پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دامەزراند
ئاکپارتی لە هەڵبژاردنەکانی 2002، 2007، 2011، 2015، 2018 و 2023 یەکەم بوو
15ـی ئاداری 2003 بووە سەرۆکوەزیرانی تورکیا
10ـی ئابی 2014 بە بردنەوەی 51.79٪ی دەنگەکان بووە سەرۆککۆمار
16ـی نیسانی 2016 لە رێی گشتپرسییەوە دەستووری تورکیای هەموارکردەوە
بە 51.4٪ بەڵێ و 48.6٪ نەخێر، سیستمی بەڕێوەبردنی بۆ سەرۆکایەتی گۆڕی
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا 49.5٪ـی دەنگەکانی بردەوە
کەمال کڵچدارئۆغڵو
کەمال کڵچدارئۆغڵو - سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
1948 لە دێرسیمی باکووری کوردستان لەدایکبووە
1971 کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە
1983 کراوەتە بەڕێوەبەری گشتیی داهاتەکان
ساڵی 1992 کراوەتە بەڕێوەبەری گشتیی بیمەی تەندروستی
ماوەیەک مامۆستای زانکۆ بووە
ساڵانی 2002 و 2007 بە پەرلەمانتاری جەهەپە هەڵبژێردراوە
دواتر بووەتە بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە
2010 بە سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەڵبژێردرا
2023 خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر کرد
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی 2023ـی تورکیا 44.8٪ـی دەنگەکانی بردەوە