رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنگرەی پێنجەمی نائاسایی ئیی پارتی لە خولی سێیەمی دەنگدانی ئەندامانی پارتەکە، موساڤات دەرڤیشئۆغڵو بە سەرۆکی ئیی پارتی هەڵبژێردرا.
دوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، رۆژی 27-4-2024 ئیی پارتی پێنجەمین کۆنگرەی نائاسایی بەست، مەرال ئاکشەنەر، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆکی پارتەکە زووتر بڕیاری دابوو خۆی بەربژێر ناکات. هەریەک لە کۆڕای ئایدن، موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، تۆڵگا ئاکاڵن و گیونای کۆداز خۆیان بەربژێر کرد.
لە خولی یەکەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئیی پارتی، هەزار و 7 ئەندامی سەرکردایەتی دەنگیان دا. کۆڕای ئایدن 472 دەنگ، موساڤات دەرڤیشئۆغڵو 370 دەنگ، تۆڵگا ئاکاڵن 327 دەنگ و گیونای ئاکاڵن دوو دەنگی هێنا.
هەڵبژاردنەکە چووە خولی دووەم و لەوێش یەکلایی نەبووەوە. دواجار لە خولی سێیەمی دەنگدانەکەدا کە رکابەری لەنێوان دوو بەربژێر بوو، موساڤات دەرڤیشئۆغڵو 611 دەنگ و کۆڕای ئایدن 548 دەنگی بردەوە. موساڤات دەرڤیشئۆغڵو بووە دووەمی سەرۆکی ئیی پارتی.
مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی پێشوو و دامەزرێنەری ئیی پارتی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە دەرڤیشئۆغڵو کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
دەرڤیشئۆغڵو دوای هەڵبژێردرانی بە سەرۆکی ئیی پارتی، گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی "لە ئەمڕۆ بەدواوە، باوەش بە یەکدیدا دەکەین و برینەکانمان ساڕێژ دەکەین و لەگەڵ براگەورەم کۆڕای ئایدن و برای خۆشەویستم تۆڵگا ئاکاڵن بەرەو دەسەڵات هەنگاو دەنێین. با هەمووان دڵنیا بن لەوەی ئیدی هیچ شتێک وەکو پێشوو نابێت. خۆشی لەوەی دەڵێت من تورکم."
ئەم گوتەیە "خۆشی لەوەی دەڵێت من تورکم" گوتەی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیایە.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو کە پێشتر بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی بوو، کەسێکی تورکپەرستە و درووشم و بۆچوونەکانی لە تورکپەرستی و نەتەوەپەرستییەوە نزیکن.
بۆچوون و تێڕوانینی موساڤات دەرڤیشئۆغڵو
کانوونی دووەمی 2022، موساڤات دەرڤیشئۆغڵو کە ئەوکات بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی بوو لە گوتارێکیدا وەڵامی ئەوەی دایەوە 'ئەگەر ببنە دەسەڵات، چۆن سیاسەت دەکەن؟''
دەرڤیشئۆغڵو رووی دەمی کردە دەسەڵاتی ئاکپارتی و گوتی "ئێمە، وەکو ئێوە لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەمریکییەکان نابینە لایەنگری ئەمریکا و لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ رووسەکان نابینە لایەنگری رووسیا. کاتێک لەگەڵ چینییەکان کۆدەبینەوە، وەکو ئێوە نابینە لایەنگری چین."
دەرڤیشئۆغڵو هەروەها رەخنەی لە درووشمی (رابیعە)ـی ئاکپارتی گرت و گوتی "ئێمە، بەو ئاڵایە ناڵێین تاکە ئاڵا، دەڵێین ئاڵای تورک. ئێمە وەکو ئێوە بەم دەوڵەتە ناڵێین تاکە دەوڵەت، بەڵکو دەڵێین دەوڵەتی تورک. بەم نیشتمانەش ناڵێین تاکە نیشتمان، بەڵکو دەڵێین نیشتمانی تورک. ئێمە بەم گەلە ناڵێین تاکە گەل، دەڵێین گەلی تورک."
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە و تەنیا شارەوانییەکی بردەوە، ئەوەش بووە هۆی تووڕەبوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە و زۆربەیان داوایان لە مەرال ئاکشەنەر کرد دەست لەکاربکێشێتەوە.
رۆژی 5ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئیی پارتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی کرد و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنەکە، بڕیاردرا رۆژی 27ـی نیسانی 2024 کۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی مەرال ئاکشەنەردا هاتووە، "دەزانم بە تەنیا باجی هەڵوێستەکانم دەدەم بەوەی رێگریم کرد ئیی پارتی ببێتە پاشکۆی گەورەترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆن و بکرێتە سێبەری کەسێک کە زۆر لەمێژە چاوی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە ساڵی 2028 (مەبەست لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵویە). هەروەها بە تەنیا باجی ئەوە دەدەم کە رێگریم کرد هیچ لایەنێکی سیاسی و سیاسەتڤانێک هەژموونی بەسەر ئیی پارتییدا هەبێت. لەمەودوا بەرپرسیار نابم لە هەر کارەساتێک رووبەڕووی ئیی پارتی ببێتەوە؛ بۆیە بە گەلی مەزنی تورک رادەگەیێنم کە خۆم لە کۆنگرەی نائاسایی حیزبەکەمان بەربژێر ناکەم."
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، کە لە 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی تەنیا سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگای یۆزگاتی بردەوە و لە سەرانسەری تورکیادا یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی بەدەستهێنا، کە رێژەی دەنگەکانی 3.77٪ بوو.
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگ کە دەیکردە رێژەی 8.82٪ـی دەنگەکانی بردەوە.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو کێیە؟
1960 لە ئەنقەرە لەدایکبووە
بەشی کارگێڕیی کاری لە کۆلێژی زانستە کارگێڕی و ئابوورییەکانی زانکۆی غازی تەواوکردووە
لە نەوەتەکاندا لە چەندین کۆمپانیا بەڕێوەبەر بووە
2000 بووەتە سەرۆکی رێکخستنەکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە ئیزمیر
2009 بووەتە بەربژێری مەهەپە بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیزمیر، بەڵام دۆڕاوە
2012 بووتە بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی مەهەپە، بەڵام شکستی هێنا
2017 وازی لە مەهەپە هێنا و پەیوەندیی بە ئیی پارتییەوە کرد
2018 بە پەرلەمانتاری ئیی پارتی هەڵبژێردرا
بووە یاریدەدەری سەرۆکی ئیی پارتی بۆ کاروباری هەڵبژاردنی شارەوانی
خێزاندارە و باوکی کچێکە بە ناوی زەینەب
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ