رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەوامیی کاردانەوەکان بەرامبەر بە بێڕێزیکردن بە ئاڵای کوردستان، پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا (ئاکپارتی) سەرکۆنەی ئەو بێ رێزییە دەکات و دەڵێت، تاوانە و پێکەوەژیان دەکاتە ئامانج.
عەبدولرەحمان فورات، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئەرزەڕۆم، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "سەرکۆنەی بێ رێزیکردن بە ئاڵای کوردستان دەکەم".
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی ئاکپارتی رایگەیاند: "سووکایەتیکردن بە ئاڵای فەرمی هەرێمی کوردستان کە بەپێی دەستووری عێراق خاوەن پێگەی فیدراڵییە، نەوەک تەنیا پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکو تاوانە و هانی رق و کینە دەدات".
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی هەروەها دەڵێت: "ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر بەها نەتەوەییەکانی کۆمەڵگە زیان بە فەرهەنگی پێکەوەژیان دەگەیێنن و ئامانجی خراپیان بەدواوە دەبێت. ئەم هەڵوێستە قبووڵنەکراوە بە تووندی شەرمەزار دەکەم."
22ـی ئاداری 2025، مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە کە سەر بە جەهەپەیە لە گوتەیەکدا ئاڵای کوردستانی بە "پەڕۆ" ناوبرد و ئەوەش کاردانەوەی هاونیشتمانییانی بەدوادا هات.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی تورکیاش رۆژی 26ی ئاداری 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەبارەی شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان گوتی: "لە بەرامبەر ئاڵای شکۆداری تورکدا پەڕۆ دەشەکێندرێتەوە، بەڵێ بە پەڕۆ ناوی دەهێنم."
ئەو گوتەیەش کاردانەوەی بەرپرسانی دەم پارتی و هاونیشتمانییانی بەدوادا هات.
سری ساک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەکاتی پێشکێشکردنی گوتاری نێو پەرلەمان رەخنەی لەو کەسانە گرت بەو جۆرە مامەڵە دەکەن و گوتی: ''پەڕۆی راستەقینە عەقڵی ئێوەیە، نەژادپەرستی و دووژمنداریکردنی ئێوەیە لە بەرامبەر کورد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ