کەجەکە: چاوەڕێی نامەی ئۆجەلانین

28-01-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کەجەکە رایگەیاند، چاوەڕێی پەیامێک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەوە دەکەن، بەڵام راشیگەیاند ناکرێ ئۆجەلان لەژێر مەرجی گۆشەگیریدا، بانگەوازی چەکدانان بکات.
 
بەسێ هۆزات لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیای پەکەکە کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2025) بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند سەرەڕای ئەو کەشە ئەرێنییەی دوای دیداری دووەمی ئیمراڵی دروستبوو، حکومەت هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی نەناوە و گوتی، "ناکرێ رێبەر ئاپۆ، لەژێر مەرجی گۆشەگیری بانگەوازێک بکات، پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێ، تەندروستی و ئاسایش و بارودۆخی ژیانی ئازادی دەستبەر بکرێت."  
 
رۆژی دووشەممە 27-1-2025 عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاندبوو، سەردانەکانی ئیمراڵی کۆتاییان هات، ئێستا چاوەڕێن بانگەواز بۆ دانانی چەک بکرێت.
 
هۆزات رایگەیاند، حکومەتی ئێستا هەوڵی دەستکاریکردنی پرۆسەکە دەدات، دەڵێ "لەکاتێکدا حکومەتی ئاکپارتی-مەهەپە لەلایەک زەمینە بۆ دانوستاندەن خۆشدەکەن، لەلایەکی دیکەوە درێژە بە هێرشە تووندەکانی جینۆساید دەدەن. ئەوان لە ناوخۆ و دەرەوەدا گیریان خواردووە و هەوڵدەدەن دەستکاریی ئەم کەشە بکەن."  
 
هۆزات ئاماژەی بەوەدا لەنێو دەوڵەتدا مەیلێک بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەیە، گوتی، "سەرەڕای حکومەت، لەناو دەوڵەتدا هەوڵێک هەیە بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد، رێبەر ئاپۆ هەست بەو مەیلە دەکات و دەیەوێت پاڵپشتیی بکات، بەڵام بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، پشتگیریی کۆمەڵایەتی مەرجە."
 
رەخنەشی لە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی چارەسەری گرت و گوتی "چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی، دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی کۆتایی شەڕ، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئێستای حکومەتە." 
 
هۆزات هەروەها رەخنەی تووندی لەو هەواڵ و گفتوگۆیانە گرت کە لە میدیاکانی تورکیا بڵاودەکرێنەوە کە گوایە "پەکەکە چەک دادەنێت" و گوتی، "هەموو ئەو هەواڵ و گفتوگۆیانەی لە میدیای دەسەڵات دا بڵاودەکرێنەوە کە گوایە پەکەکە کۆتایی هاتووە، ماندوو بووە، چەک دادەنێت، شەڕی تایبەتی دەروونییە."  
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کەجەکە گوتیشی، لەبەرئەوەی کێشەی کورد هەیە، چەک هەیە. تاوەکو سیاسەتەکانی نکۆڵی، قڕکردن و جینۆساید کۆتایی نەیێت، ناتوانرێت کورد بێ چەک بێت. ئەگەر کێشەی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی چارەسەر بکرێت، ئەگەر دەوڵەت نیازپاکی نیشان بدات و دانوستاندن لەگەڵ ئۆجەلان بکات، دواتر پرسی چەک تاوتوێ دەکرێت.
 
بەسێ هۆزات گوتی "ئێستا رێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی کار بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد و بەدیموکراسیکردنی تورکیا دەکات. ئەگەر ئەم پرۆسەیە پەرەیسەند و کێشەی کورد چارەسەرکرا، بێگومان پرسی چەک تاوتوێ دەکرێت".
 
شاندی دەم پارتی کە لە 22ی کانوونی دووەم بۆ جاری دووەم سەردانی ئیمراڵیان کرد، دوو رۆژ دواتر رایانگەیاند: "دواتر ئۆجەلان پەیامێک بڵاودەکاتەوە."
 
بەسێ هۆزات دەڵێت، تائێستا هیچ پەیام و نامەیەکیان لە ئۆجەلانەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام گوتی "پێمانوایە دێت و چاوەڕێی دەکەین، کاتێک هات، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و بەو پێیە مامەڵە دەکەن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 چەند پەنابەرێکی سووریایی لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

تورکیا: 175 هەزار سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، زیاتر لە 175 هەزار پەنابەری سووریایی کە لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان رایانکردبوو، لەدوای رووخانی ئەسەد گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.