سەرۆک شارەوانییەکی جەهەپە بەڵێنی نەهێشتنی کۆچبەرانی سووریایی لە پارێزگاکەی دەدات

28-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی پارێزگای بۆڵو لە تورکیا، بەڵێنی نەهێشتنی کۆچبەرانی سووریایی لە پارێزگاکەی دەدات و دەڵێت، "تاوەکو نەهێشتنی دوایین پەنابەری سووریایی بەردەوام دەبین لە کارەکانمان."
 
تانژو ئۆزجان، سەرۆکی شارەوانیی پارێزگای بۆڵو، کە سەر بە جەهەپە-یە و ئەمجارەش بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگاکە دووبارە بەربژێر کراوەتەوە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لە ساڵی 2019 کە بە سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو هەڵبژێردرام، 20 هەزار پەنابەری سووریایی لە پارێزگای بۆڵو هەبوون. ئەمڕۆ ژمارەکەیان بۆ چوار هەزار دابەزیوە و رێژەیان بۆ 79% کەمی کردووە."
 
تانژو ئۆزجان لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە بەرەنگاربوونەوەیان و نووسیویەتی، "لە قۆناخی داهاتووشدا، تا ناردنەوە و نەهێشتنی دوایین پەنابەری سووریایی لە پارێزگاکەماندا، بەردەوام دەبین لە کارەکانمان."
 
ئۆزجان، کە بە دژایەتیکردنی زۆر بۆ پەنابەرانی سووریایی بەناوبانگە، رۆژی 18ی ئایاری 2022، لەسەر گشت بیلبۆردەکانی شەقامە سەرەکییەکانی پارێزگای بۆڵودا بە هەردوو زمانی تورکی و عەرەبی نووسیبووی، "11 ساڵە میوانمانن، کاتی هاتووە بگەڕێنەوە" و "چەندین جار نووسیومانە و بە زارەکی پێمان راگەیاندوون، بەڵام دیارە تێنەگەیشتوون. ئێمەش ناچاربووین بەو زمانە بدوێین کە دەسەڵات و داگیرکاران تێیدەگەن. ئیدی بەسە."
 
هەمان رۆژ لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاندبوو، "ئەم بانگەوازەم بۆ پەنابەرانی سووریاییە؛ 11 ساڵ بەر لە ئێستا پێتان گوتین بە میوانداری هاتووینە وڵاتەکەتان، گەلی تورکیا لە سەختترین و دژوارترین کاتەکاندا ئێوەی پاراست. ئێستاش میواندارییەکەتان زۆر درێژەی کێشا. وڵاتەکەمان لە قەیرانی ئابووریدایە، گەنجانمان بێکارن، خێزانەکانمان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەگوزەرێن. لەژێر ئەم هەلومەرجانەدا نان و ئاومان نەما لەگەڵ ئێوە بەشی بکەین. وەکو چۆن هاتن، بە هەمان شێوە بگەڕێنەوە، ئیدی کاتی هاتووە بگەڕێنەوە وڵاتەکەتان. لێرە قبووڵتان ناکەین، بگەڕێنەوە وڵاتەکەتان."
 
تانژو ئۆزجان پێشتر چەندین بڕیاری دەرکردووە لە دژی پەنابەرانی سووریایی نیشتەجێی شارەکەی، وەک گرانکردنی نرخی ئاو و کارەبا، نەخۆشخانە، کرێی خانوو بۆ 10 هێندەی نرخی ئاسایی بۆ هاووڵاتییەکی تورکیا و قەدەخەکردنی هەمیشەیی بۆ مارەبڕین و بازرگانیکردن بۆ پەنابەرە سوورییەکان دەرکردبوو.  
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا سێ ملیۆن و 194 هەزار و 185 پەنابەری سووریایی بەشێوەیەکی کاتیی لە تورکیان، کە 4.42٪ی کۆی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنن. لەم ژمارەیەدا 238 هەزار و 55 کەسیان وڵاتینامەیان وەرگرتووە و 116 هەزار و 754 کەسیان مافی دەنگدانیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە