وەزیری ناوخۆی تورکیا: 656 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی "کاڵکان-36"دا 52 قاچاخچی و 656 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکراون.
عەلی یەرلیکایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کۆچبەری نایاسایی و قاچاخچێتی بە کۆچبەرانی بڵاوکردەوە.
بەگوتەی یەرلیکایا، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی "کاڵکان-36"، کە لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کران 52 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەران دەستبەسەرکران کە 32 کەسیان بیانی بوون.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا 656 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەر کراون و رەوانەی ناوەندەکانی گەڕاندنەوەی کۆچبەران کراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و قاچاخچێتیی بە کۆچبەران بە هاوئاهەنگی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی کۆچ کراوە و بە گشتی 15 هەزار و 616 شوێن پشکنراون.